Skip to the content
Menu

لیژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا لەگەڵ سەرۆکی دیوانی پەرلەمان کۆبوونەوە

 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧/٧/٢٠٢٠ لیژنەی کاروباری پەرلەمان بەسەرۆکایەتی د. ایسماعیل سگیری سەرۆکی لیژنە و بەئامادەبوونی جێگر و ئەندامانی لیژنە، میوانداری ئەردەلان محمد سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان و هیوا نەسرالدین جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.

لەکۆبونەوەیەکدا کە لە ھۆڵی لیژنە بەڕێوەچوو، سەرەتا سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە کۆمەڵێک پرسیار وتێبینی و سەرنجیان ئاراستەی سەرۆکی دیوان کرد، بەتایبەت داوای ڕوون کردنەوەیان کرد لەسەر بڕی بوجەی پەرلەمان و شێوازی سەرفکردن و دەسەڵاتی سەرف کردن، ھەروەھا کاروباری پەرلەمان و ھەیکەڵی کارگێڕی دیوان و دروستکردنی لیژنە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و خەرجیەکانی پەرلەمان بەگشتی گفتوگۆیان لەسەر کرا.

دواتر ئەردەلان محمد سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی میوانداریەکەی کردن و وەڵامی کۆی گشتی پرسیاری سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دایەوە و ئەوانەی وردەکاری و ژمارەی زۆری تێدابوو پێی ڕاگەیاندن کە بەزووترین کات بەنووسراو ئاراستەی لیژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا دەکات و بەڵێنی دا کە بەھەمانگی لەگەڵ لیژنەی کاوباری پەرلەمان و بە پاڵپشتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ، کەم و کوڕیەکانی بەڕێوەبردنی دیوانی پەرلەمان چارەسەر بکەن و وێنەیەکی جوانی کارگێڕی پێشکەش بکەن .