Skip to the content
Menu

لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پشتیوانی لەگرنگیدانی زیاتر بەبەرھەمی ناوخۆ دەکات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢/٧/٢٠٢٠لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری بەسەرۆکایەتی عبدالستار مجید سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی جێگر و بڕیاردەر وژمارەیەک لەئەندامانی لیژنە، پێشوازیان لە ژمارەیەک جوتیاری نمونەیی بەرھەمھێنی پەتاتە و خاوەن کارگەی چبسی پەتاتە کرد.

لەکۆبوونەوەیەکدا کە لەھۆڵی لیژنە بەڕێوەچوو دوای بەخێرھاتن، شاندی میوان ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو کە بریتی بوو لەگرنگیدانی زیاتر بەبەرھەمی کشتوکاڵی ناوخۆ وپشتگیریکردنی جوتیارانی ھەرێم بە تایبەت بەروبومی پەتاتە، ئەوەیان خستە ڕوو ئەوان لەھەرێمی کوردستان توانای بەرھەمھێنانی چوارسەد ھەزار تەن پەتاتەیان ھەیە لەساڵێکدا و ئەمەش پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە و دەتوانرێت لەکارگەی بەرھەمھێنانی چبسیش سودی لێ ببینرێت، هاوکات داوایان لە لیژنەکە کرد کە کار لەسەر ئەوە بکرێت بەھیچ جۆرێک ڕێگە بەھاوردەکردنی پەتاتە نەدرێ بۆ ناوەوەی کوردستان. لەلایەن خۆیانەوە سەرۆک و ئەندامانی لیژنە وێڕای دەستخۆشیان بۆ ئەم کارە پیرۆزە، ھاوکات پشتیوانی تەواوی لیژنەکەیان بۆ گرنگیدان بەبەرھەمی ناوخۆ دوپاتکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد کەھەموو ھەوڵێک دەدەن ڕەنجی جوتیاران بەھەدەر نەچێت و سودی دارایی لەبەرھەمەکانیان ببینن، داواشیان لە بەرھەمێنە ناوخۆیەکان کرد کرد کە کاتێک ھاوردەی بەروبومێک قەدەغە دەکرێت پێویستە ئەوان بە نرخێکی گونجاو بەروبومەکە بگەیەننە دەستی ھاوڵاتیان.

لەکۆتاییدا وەک لیژنەی کشتوکاڵ بڕیاریان دا لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی کارگەکان و بەشێک لە کێڵگە کشتوکاڵیەکان بکەن، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربون لە کارەکانیان.