Skip to the content
Menu

هێمن هەورامی پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئیران کرد

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ ١٣/٧/٢٠٢٠ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە نەسروڵڵا رەشنوودی کۆنسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.

لە دیدارێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەوردی تیشکی خستەسەر دۆخی تەندروستی و دارایی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم کوردستان و بەغدا و جموجۆڵەکانی داعش، پاشان بە گرنگییەوە باسی لە پرۆسەی چاکسازی کرد و رایگەیاند؛ "یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و بەخشین و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر دراوە و بەشێکە لەو چاکسازییە گشتیەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەرجەم سێکتەرەکان ئەنجامی بدات بۆ هێنانە دی یەکسانی و دادپەروەری، بۆ ئەمەش پەرلەمانی کوردستان هاوکار و پشتیوان دەبێت و چاکسازییەکانیش بەردەواممیان دەبێت".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و مەترسی جموجۆڵەکانی داعش ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ "ستراتیژییەتی هەرێمی کوردستان رێکەوتنە لەگەڵ بەغدا، چونکە چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی عێراق دایە، و ئەو ڕێکەوتنەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەیەکەوە جموجۆڵەکانی داعش بوەستێنین بەتایبەت لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی فیدراڵ" .

لەلایەن خۆیەوە نەسروڵڵا رەشنوودی کۆنسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران باسی لە دۆخی تەندروستی ئێران کرد و دەرهاوێشتەکانی پەتای کۆڕۆنای لە بوارەکانی تەندروستی و دۆخی ئابووری ئێران خستەروو، هاوکات پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەربڕی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن.

لە کۆتاییدا دۆخی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کراو هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆچوونی فەرمی پەرلەمانی کوردستانی لەمبارەیەوە خستەروو.