Skip to the content
Menu

لیژنەی تەندروستی داوا لەھاووڵاتییان دەکات پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە ٨/٦/٢٠٢٠، لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بەسەرپەرشتیی د.سەباح زێباری سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكه‌ کۆبووەوە.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە مەترسییەکانی پەتای کۆڕۆنا بوو و جەخت لەوە کرایەوە کەپەتای کۆڕۆنا مەترسییەکی گەورەیەو پێویستە بەھەموولایەک ھەوڵی بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی خۆپارێزی بدەین و ھەموولایەک دڵنیا بکرێنەوە کە بابەتەکە بەسیاسی نەکرێت و بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بەجێبەجێکردنی ڕێکارەکان مەترسییەکانی ئەم پەتایە تێپەڕێندرێت.
ھەروەھا باس لەوەکرا کە نابێت ڕێگری لەو نەخۆشانە بکرێت کەپێویستە بۆ مەبەستی چارەسەری ڕەوانەی سنووری پارێزگایەکی تر دەکرێن و پێویستە بازگەکان کارئاسانیان بۆ بکەن.
ھەر له‌ کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کەداوا لەوەزارەتی تەندروستی بکرێت ڕۆژانە لەکاتێکی دیاریکراو ئاماری تووشبووان و مردووان و ئەوانەی چاکبوونەوەتەوە ڕابگەیەنێت بۆئەوەی کاریگەریی خراپ نەکاتە سەر دەروونی ھاووڵاتییان و ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو نەبێتەوە.
لەکۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا ئاماژە بەوەکرا کەداوا لەسەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت بەر لەدەستپێکردنی ھەر دانشتنێکی پەرلەمان پشکنین بۆ سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ى کەھەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنا نین.