Skip to the content
Menu

بانگه‌وازێك له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌
د.رێواز فایه‌ق: "لەپێناو پاراستنی خۆمان و خێزان و ئازیزانمان و هەرێمەکەمان ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکەین"

سه‌باره‌ت به‌مه‌ترسییه‌كانی بڵابوونه‌وه‌ى زیاترى ڤایرۆسى كۆڕۆنا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌بانگه‌وازێكدا وێڕای دەستخۆشیكردن له‌ پزیشكان و کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆو پۆلیسى هاتووچۆ و کارمەندانی خاڵە سنوورییەکان و پارێزگارەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ڕۆژنامەنووسان، داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كات پابەندبن بەڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئه‌مه‌ش ده‌قى بانگه‌وازه‌كه‌یه‌:
کوردستانیانی ئازیزو قەدرگران...
ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی جیهان لە قۆناغێکی چارەنووسسازو سەختدایە لە بەرەنگاربوونەوەی یەکێک لە ڤایرۆسە کوشندەکانی سەدە، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩)، لە ئێستادا زانایان و سەنتەرە گەورە پزیشکییەکان و ئەزموونی وڵاتە تووشبووەکان پێمان دەڵێن کە جگە لە پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە.
هەر بۆیە ڕوو دەکەمە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و داواتان لێدەکەم پێکەوە ڕووبەڕووی ئەم ڤایرۆسە ببینەوە، داهاتووی هەموومان بەستراوەتەوە بەکاری پێکەوەییمان، تکا کارم پابەندبن بەڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەر لە سەرەتاوە بە بەرنامەیەکی باشەوە ڕووبەڕووی ئەم پەتا جیهانییە بوونەتەوە.
لێرەوە دەستخۆشیی بێپایانم ئاراسته‌ی پزیشكه‌ ماندوونەناسەکان و کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆو پۆلیسى هاتووچۆ و کارمەندانی خاڵە سنوورییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ڕۆژنامەنووسان و هەموو ئەوانەی کە لە پێشەوەی سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا کوشندەیەن ده‌كه‌م.
هەواڵی تراژیدیای وڵاتە پێشکەوتووەکان هەرچەندە سیستمێکی باشی تەندروستییان هەیە هەموومان نیگەران دەکەن، گەورەترین وانە لێیانەوە فێربین ئەوەیە کە دەبێت پابەندبین بەڕێنماییەکان و وەک خۆیان جێبەجێیان بکەین، چونکە پشتگوێخستنی ڕێنماییەکان تووشی کارەساتی گەورەمان دەکەن، کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەئاستی خواست و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیی گەورەو تاقەت پڕوکێندا نییە، بەڵام لە گیانی لەخۆبردوویی و دڵسۆزی و کارامەیی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دڵنیاین و خاوەنی گەلێکی بەئیرادەین و پێکەوە پابەندی ڕێنماییەکان دەبین تا بەکەمترین زیان ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین.
وێڕای دەستخۆشی و پشتیوانیمان بۆ ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لێدەکەین کە میکانیزمێکی خێراتر بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی ئەو وەزارەت و دامەزراوانە بدۆزنەوە کە هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە بەشێوەیەک کار نەکاتە سەر تەندروستیی گشتی، هەروەها دەخوازین چاودێری لەسەر خاڵە سنوورییەکان و ڕێکارەکانی هاتووچۆ لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق توندتر بکەن. سوپاس و پێزانینمان بۆ هەوڵەکانی پارێزگارەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان کە بەبێ ماندووبون و لێبڕاوانە سەرۆکایەتیی تیمەکانیان دەکەن لە هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەو مامەڵەکردن لەگەڵ ئاکامەکانی.
لەپێناو پاراستنی خۆمان و خێزان و ئازیزانمان و هەرێمەکەمان، ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکەین، لەماڵەوە دەمێنینەوەو ناهێڵین داهاتوومان بکەوێتە مەترسییەوە.
د.رێواز فایه‌ق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان
2020/3/23