Skip to the content
Menu

شاندی باڵاى پەرلەمانی کوردستان لەبەرلین سەردانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم دەکات

ئەمڕۆ پێنجشه‌مه‌ 2020/3/5، شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئه‌ندامیه‌تیی هەریەک لە د.ڕێبوار بابکەیی و کاروان گەزنەیی و ئاشنا عبداللە و کلارا عۆدیشۆ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان لە فڕاکسیۆنە جیاوازەکان سەردانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی لە بەرلین کردو له‌لایه‌ن دڵشاد بارزانی نوێنەری حکومەتی هەرێمى كوردستانه‌وه‌ پێشوازیی لێكرا.
لە دیدارێکدا تاووتوێی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا، لەلایەن خۆیانەوە شاندە باڵاکەی پەرلەمان سوپاسی نوێنەری حکومەتی هەرێمیان لە ئەڵمانیا کرد کەڕۆڵی گرنگی بینیوە لە گەشەپێدانی پەیوەندییەكانى نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیاو رۆلى ئه‌ڵمانیايان له‌پشتیوانیكردن له‌هێزی پێشمەرگەى كوردستان لەشەڕی دژ بەداعش و مه‌شق و راهێنان به‌و هێزانه‌و هاوکاریی بەردەوام و سەرکەوتوویان لەزۆربەی بوارەکاندا به رزنرخاند.
لەلایەکی ترەوە شاندی پەرلەمان و نوێنەری حکومەتی هەرێم لەئەڵمانیا باسی کاروباری نوێنه‌رایه‌تیی حکومەتی هەرێمیان کرد بۆ جڤاتی کوردی لەئەڵمانیاو هەروەها کێشەکان و پرسی ستافی نوێنەرایەتییەکەیان خستەبەر باس، هاوکات شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان هیوایان خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا پەرەی زیاتر بەخۆوە ببینێت.
سەردانی شاندی باڵای پەرلەمان لەسەر بانگهێشتی ئەڵمانیایه‌ بۆ به‌شداریكردن لەکۆنفرانسێکی گەورەدا لەپەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر پرسی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو تیایدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندە باڵاکەی پەرلەمانی کوردستان بابەتێک لەسەر پرسی کورد پیشکەش دەکات.