Skip to the content
Menu

لیژنەی تەندروستی به‌دواداچوون بۆ رێوشوێنه‌كانى خۆپارێزی له‌ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌فڕۆکەخانەی ھەولێر دەکات

بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون و به‌دواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارە خۆپارێزییەکان بۆ ڕێگریکردن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەمە 2020/3/3، شاندێکى لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بەسەرۆکایەتیی د.سه‌باح زێباری سەرۆکی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیی بڕیاردەرو ژماره‌یه‌ك لەئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی فڕۆکەخانەی ھەولێرى نێوده‌وڵه‌تیى کرد.
شاندی لیژنەكه‌ى په‌رله‌مان لەگەڵ بەرپرسانی فڕۆکەخانەكه‌ کۆبووه‌وە بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەھەنگاوەکانی پشکنین و خۆپارێزییەکان و ئه‌و رێوشوێنانه‌ى كه‌ گرتوویانه‌ته‌به‌ر بۆ رێگریكردن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا، له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ستافی کارگێڕی و تەندروستیی فڕۆکەخانەكه‌ ئاماژەیان بەوە کرد کەھەر گەشتیارێکی بیانی یان ھاووڵاتییەکی ھەرێمی کوردستان لەھەر وڵاتێک بگەڕێتەوە ئەوا پشکنینی پلەی گەرمیی بۆ دەکرێت و لەئەگەری ھەبوونی هه‌ر گومانێك ئەوا دەنێردرێتە بەشی کەرەنتین، ھاوکات ئەو گەشتیارانەی كه لەھەردوو وڵاتی چین و ئێران دەگەڕێنەوە کەزۆرترین ڕێژەی تووشبووان و قوربانیانی ڤایرۆسەکه‌ لەم دوو وڵاتەن، ئەوا ڕاستەوخۆ دەنێردرێنە بەشی کەرەنتین و دەخرێنە ژێر چاودێری و پشکنینی وردیان بۆ دەکرێت.
بەشێکی تری گفتوگۆکان تایبەت بوون بەکەموکوڕی لەئامێرو کەلوپەلی خۆپارێزی بۆ پزیشکان و کارمەندان، لەمبارەیەوە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەكه‌ى په‌رله‌مان ئاماژەیان بەوەکرد کەلەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەھەوڵدان بۆ دابینکردنی زۆرترین پێداویستیی خۆپارێزی، هه‌روه‌ها سوپاسی ھەوڵ و ماندووبوونی پزیشکان و کارمەندان و ستافی کارگێڕیى نه‌خۆشخانه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كه‌یان کرد بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بەم شێوازە.
شایانی باسە لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی کوردستان بەوردی چاودێریی دۆخەکە دەکات و سەرۆکایەتیی لیژنەكه‌ سەرجەم ئەندامانی لیژنەكه‌ی سەرپشک کردووە کە ھەریەکێکیان لەسنووری جوگرافیی خۆیان چاودێربن و سەردانی مەرزەکان و دامەزراوەکانی تەندروستی بکەن و لەکاتی ھەبوونی تێبینی و سەرنج ئەوا لایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی تەندروستی ئاگادار بکەنەوە.