Skip to the content
Menu

هێمن هه‌ورامی ستایشی هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا ده‌كات

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/3/10، هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌یاوه‌ریى د.سه‌باح زێبارى سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن د.سامان به‌رزنجى وه‌زیرى ته‌ندروستی و به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی وه‌زاره‌ته‌وه‌ پێشوازیی لێكرا.
له‌دیدارێكدا باس له‌هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆناو رێگه‌گرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى و گرتنه‌به‌رى ئه‌و رێوشوێن و رێنماییانه‌ى كه‌له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ ده‌ركراون بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ى هاووڵاتییان بۆ خۆپاراستن له‌و ڤایرۆسه‌ كرا.
لای خۆیه‌وه‌ هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوی خۆی و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، ستایشی هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی كرد له‌ده‌ركردنی ئه‌و رێنمایى و رێوشوێنه‌ خۆپارێزییانه‌ى كه‌ گرتوویانه‌ته‌به‌ر بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆرۆناو رێگه‌گرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى، هه‌روه‌ها سوپاسی وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و ستافی وه‌زاره‌ت و نه‌خۆشخانه‌كان و پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و تیمه‌كانی ته‌ندروستیی له‌شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ له‌خۆبردووانه‌ و ماندوونه‌ناسانه‌ به‌كاره‌كانی خۆیان هه‌ڵده‌ستن.
هه‌روه‌ها پشتیوانیی و ئاماده‌یى په‌رله‌مانی كوردستانیشی بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ك بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و هیواشی خواست كه‌هاووڵاتییان پابه‌ندی سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیارو رێنماییه‌ ته‌ندروستییانه‌ بن كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌رده‌كرێن بۆئه‌وه‌ى پارێزراوبن.