Skip to the content
Menu

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی پەرلەمان بەبۆنەی جەژنی (ئەکیتۆ) سەری ساڵی نوێی بابلیى ئاشووری

بەبۆنەی جەژنی (ئەکیتۆ) سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری، د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خوشک و برایانی کلدان، سریان، ئاشووری لە کوردستان و جیهان کرد، ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی (ئەکیتۆ) سەری ساڵی نوێی بابلیى ئاشوورییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم لە خوشک و برایانی کلدانی، ئاشووری، سریانی لەکوردستان و جیهان دەکەم، ئومێدەوارم ئەم جەژنە ببێتەمایەی خێرو خۆشی بۆ کوردستانیانی ئازیزو کۆتاییھاتنی ئەم پەتا نەگریسە، کەھەموو وڵاتانی دونیای تەنیوەو بۆتە مایەی نەھامەتییەکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی. کریستیانەکانی کوردستان ھاوشانی گەلی کورد لەتێکڕای شۆڕش و بەرخودانەکاندا لەخەباتی پێشمەرگایەتی و مەدەنیدا بەشداریی بەرچاویان ھەبووە، ڕۆڵی کاریگەریشیان دیوە لەبنیادنانی کلتووری تەبایی و پێکەوە ژیان.
ھیواخوازم ئەم دۆخە ناخۆشە لەزووترین کاتدا کۆتایی بێت و ھەموو نەتەوەو ئاینەکان جارێکی دیکە بگەڕێنەوە باوەشی ژیان بەھەموو جوانییەکانییەوە، بەدڵێکی خۆش و دەروونێکی ئارامەوە جەژن بکەن، بەختەوەرو سەرفرازبن.
د.ڕێواز فایەق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
2020/3/31