Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەکات

بەبۆنەی ٥٨مین ساڵیادی دامەزراندنیان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کرد ، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

بەبۆنەی پەنجاو هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەین، مامۆستایانی کوردستان جیاواز لە مامۆستایانی هەموو جیهان جگە لە ئەرکی پەروەردەکردنی نەوەکان و پێدانی زانست و زانیاری، لە چەندین وێستگەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان چەکیان کردووەتە شان و نەوەکانیان بە هەستی نیشتمانپەروەری پەروەردەکردووە، ئەوەش سەروەرییەکی دیاری مامۆستایانی کوردستانە، مامۆستایان هەمیشە لە خۆبردووانە و بێگوێدانە بارودۆخی سەخت و خراپی بارودۆخی ئابووری بەردەوام بوون لە پەروەردەکردنی قوتابیان و پێگەیاندنی نەوەکان.

لەم ئانوساتەشدا کە کوردستان رووبەڕووە لەگەڵ دۆخێکی خراپی ئابووری هاوشێوەی وڵاتانی جیهان، بەهۆی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژیان و گوزەرانی مامۆستایان خراپبووە، هیواخوازین لە ئایندەیەکی نزیک هاوشێوەی سەختییەکانی دیکە ئەم بارودۆخەش تێپەڕێنین و بە سەربەرزییەوە رووەو سبەیەکی باشتر هەنگاو بنێن.

پەرلەمانی کوردستان درێخی ناکات لە دەرکردنی یاسای پێویست و هاندانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ مامۆستایانی کوردستان، جارێکی دیکە ئەو یادەتان لێ پیرۆز دەکەینەوە و ئومێدەوارین بە یەک دەستی و یەکڕیزیی هەموو سەختییەکان تێپەڕێنین.

هێمن هەورامی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

14/5/2020