Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداریی لەپانێلێکی ئۆنڵاینی تایبەت بەکێشەو چارەسەرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشه‌مه‌ 2020/5/21، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداریی لەپانێڵێکی تایبەت بە (قەیرانی بودجەی هەولێر-بەغداو دەلالەتە ئابووری و سیاسییەکان) کرد.
لەپانێلەکەدا کەپەیمانگەی دیراساتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان IRIS لەزانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی ئەنجامیدابوو، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەوردی تیشکی خستەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەردەمی عادل عبدالمهدی سەرۆکوەزیرانی پێشوو و هەروەها حکومەتی ئێستای عێراق بەسەرۆکایەتیی مستەفا کازمی و بەداتا هەنگاوەکانی پڕۆسەی دانوستانی نێوان هەردوو لای خستەڕوو کە لەئێستادا هەنگاوی باشی بەخۆوە بینیوەو ڕایگەیاند: "هەرێمی کوردستان دەخوازێت بەدیالۆگ و گفتوگۆو بەڕێگای دەستووری عێراق کێشەو گرفتەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات کەتایبەتە بەشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ماددەی ١٤٠ی دەستوورو سەرجەم کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا"و هیوای خواست دانوستانەکان لەگەڵ کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ بەسەرۆکایەتیی مستەفا کازمی هەنگاوی باشترو ئەرێنیتر بەخۆوە ببینن.
لەمیانەی پانێلەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە لێکەوتەکانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆناو دابەزینی نرخی نەوت کرد کە لەئێستادا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست کردووە، هاوکات باسی لەو ٤٠٠ ملیار دینارە کرد کەحکومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانى بینێرێت، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "لەئێستادا ئەو بڕیارە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵ دراوە، بەڵام چاوەڕێ دەکەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بیخاتە سەر هەژماری تایبەتیی هەرێمی کوردستان کە لەماوەی ڕابردوو بەهۆی بڕیارێکی سیاسی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە ڕاگیرابوو، هاوکات ئەوەشی خستەڕوو کە ناکرێت بەهۆی بڕیارێکی سیاسی قووتی خەڵکی کوردستان ببردرێت.
لەلایەکی ترەوە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەدووبارە سەرهەڵدانەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش کرد کە لەئێستادا مەترسییەکانیان لەسەر هەموو عێراق زۆر زیاد بووەو پێویستە هەماهەنگیی بەهێز هەبێت لەنێوان هەرێم و بەغداو هەوڵی جدی بدرێت بۆ ڕێگرتن لێیان و لەنێوبردنیان لەو ناوچانەی جموجۆڵی تێدا دەکەن.
شایانی باسە پانێڵەکە بەشێوازی ئۆنڵاین بەڕێوەچوو و هەریەک لەماریا فانتاپی ڕاوێژکاری تایبەتیی سەنتەری مینا بۆ دیالۆگی مرۆیی و هیوا عوسمان توێژەری سیاسی و ستراتیجستی میدیایی و ڕاوێژکار و ئەحمەد تەبەقچاڵی ئەندامی سەرەکیی پەیمانگەی IRIS تێیدا بەشداربوون و ڕاو سەرنج و بۆچوونەکانیان لەپانێڵەکەدا خستەڕوو.