Skip to the content
Menu

شاندێکی لێژنەی شارەوانی و گەشت و گوزار و گواستنەوە و گەیاندن سەردانی پارێزگاری هەولێر-یان کرد

 سەرلەبەیانی ئەمڕۆ18/5/2020 بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کاروچالاکیەکانی پارێزگای هەولێر و ئاشنابوون بە پلانی کاری داهاتوویان شاندێکی لێژنەی شارەوانی و گەشت و گوزار و گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕزگار عیسا سوار و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی لێژنەکە سەردانی پارێزگای هەولێریان کرد.

لە دیدارێکدا شاندی لێژنەی شارەوانی و گەشت و گوزار و گواستنەوە و گەیاندن لە نزیکەوە سوپاسی پارێزگار و جێگری پارێزگار و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریان کرد کە لە ماوەی ڕابردوو لە خۆبردووانە هاوشانی پارێزگاکانی تری کوردستان ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوونەوە، پاشان بەوردی تاوتوێی پلانەکانی ئێستا و داهاتووی پارێزگای هەولێر کرا، کۆمەڵێک پرسی هەنوکەیی و گرنگی هاوڵاتیانیان ئاراستەی پارێزگار کرد.

لەلایەن خۆیەوە د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، باسی لەو پلان و بەرنامانە کرد کە بۆ مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و ریسایکلینی زبڵ و خاشاکی شار و بوارەکانی دیکە کە لەبەرنامەی کاردابوونە، بەڵام بەهۆی کرۆنا و بەرگرتن لەبڵاو بوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نەتوانرا وەک پێویست کاریان لەسەر بکرێت.

پارێزگاری هەولێر هەروەها ڕایگەیاند: "بۆ داهاتوو لەبواری کولتوری بەرنامە و کاری زۆرمان لە بەردەستە ئەنجامی بدەین و خزمەتی شاری هەولێر بکەین، وەک پارێزگا خەونمان ئەوەیە لە هەولێر دارچاندن بکەینە نەریت و هاوڵاتییان لەهەر بۆنە و یادێکی تایبەت بەخۆیان دارێک بچێنن و ڕێژەی سەوزایی لە شار بگەیننە ئاستی ستاندارد و بگرە زیاتریش"، هاوکات وەڵامی پرس و بەدواداچوونەکانی شاندی لێژنەکەی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە.