Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا پشتگیری له‌ داواکارییەکانی مامۆستایان دەکات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە 2020/5/18، لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرپەرشتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكه‌ کۆبوونەوەی ئاسایی جۆی ئەنجامدا.
لەکۆبوونەوەکەدا دۆخی خراپی دارایی مامۆستایان کەبەھۆی دواکەوتنی مووچەوە تووشی بوون تاووتوێ كراو لەوبارەیەوە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەكه‌ پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ داواکارییەکانی مامۆستایان دووپات كرده‌وه‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ بەرجەستەکردنی مافەکانیان، ھاوکات داوایان كرد كه‌ ھەر گردبوونەوەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەک کە ئەنجامی دەدەن بەشێوەیەکی ئاشتیانە بێت و دوور بێت لەکاری توندوتیژی، چونکە شڵەژان و تێکچوونی ناڕەزایەتییەکان خزمەت بە پرۆسەکە ناکات.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تاووتوێی لێکەوتەکانی کۆبوونەوەی پێشووی پەرلەمان کرا کە ھەردوو وەزیری پەروەردەو وەزیری خوێندنی باڵا ئامادەی بوون، دواتر سەرجەم ئەو نوسراو و یاداشت و داواکارییانەی ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون خوێندرانەوەو دواى گفتوگۆی ئەندامان بڕیاری پێویستیان لەسەر دراو ئەوانەی پێویستیان بەوەڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وەڵامدرانەوەو ئاراستەی لایەنی په‌یوه‌ندیدار کران بەمەبەستی بەدواداچوونیان.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بەھاوبەشی و ھەماھەنگی لەگەڵ لیژنەی کاروباری تەندروستی و لەکاتی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ سەردانی ھۆڵەکانی تاقیکردنەوە بکەن بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەسەر جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆڕۆنا کەئەمەش لەپێناو پاراستنی گیانی قوتابیان و مامۆستایاندایە.