Skip to the content
Menu

هێمن هەورامی پیرۆزبایى له‌ كرێكارانی کوردستان ده‌كات

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کرێکارانی کوردستان و جیهان کرد، ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
بەبۆنەی یەکی ئایار، جەژنی کرێکارانى جیهان، جوانترین پیرۆزبایی لەکرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەم، کرێکاران توێژێکی کۆڵنەدەری کۆمەڵگەن كه‌ بەبازوو و قوربانیدانی ئەوان ڕەوتی بەرەوپێشچوونی ئابووری و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی وڵات هاتووەتە دی، کرێکاران بناغەی هەموو پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگەیەکن.
بەداخەوە ئه‌مڕۆ بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ئەو پەتا جیهانییە ڕێژەیەکی زۆری کرێکاران لەهەموو وڵاتانی جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کارەکانیان لەدەستداوەو ژیانیان لەوپەڕی سەختیدایەو بووەتە هۆکارێک بۆ سەختتربوونی ژیانیان، سه‌ربارى ئەو بارودۆخە ئابوورییەی كه‌ هەرێمی کوردستانى پێدا تێدەپه‌ڕێت، بەغدا جارێکی دیکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان دەستیان بۆ قووتی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران بردووەو وەک فشارێکی سیاسی لەدژی خەڵک و حکومەتی هه‌رێمی کوردستان بەکاری دەهێنن.
پەرلەمانی کوردستان بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک لەڕێگەی دەرکردنی یاساو خستنەڕووی داواکارییەکانیان بەرگری لەهەموو چین و توێژەکان دەکات و لەپێشی هەمووانیشەوە بەرگریکارێکی سه‌رسه‌ختى داواو مافی کرێکاران دەبین بۆئەوەی ژیان و گوزەران و دڵنیایی و خانەنشینیی کرێکاران لەکاتی کارکردن و لەدوای چوونە تەمەنیشه‌وه‌ دابین بکرێت، لەو بارودۆخەى ئێستاشدا لەبەرەی بەرگریکردن دەبین بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی سەختی سەرشانی کرێکاران کە بەهۆی رێکارە خۆپارێزییە تەندروستییەکان دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دووچارى هاتوون و به‌هۆیه‌وه‌ کارەکانیان له‌ده‌ستداوه‌و ژیان و گوزه‌رانی سه‌ختتر كردوون، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ دەبین بۆ کەمکردنەوەی ئەو سەختیانە.
دووبارە ئەو یادە بەپیرۆز ڕادەگرین، هیوادارین هەرێمی کوردستان بەزووترین کات ئەو دۆخە ئابوورییە سەختە تێپەڕێنێت.
هەر شادو سەرکەوتووبن..
هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
2020/5/1