بەیاننامەیەک لە لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەتانەوه
بەداخەوە لەم ساڵەدا وەکو ساڵەکانی دیکە چەند کەیسێکی نوێی کوشتنی ئافرەتان چوونە ناو داتاکانمانەوە، کەدووبارە دووپاتی کردەوە لامان کەکارکردنی پێکەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی لەهەرێمی کوردستان-عیراق چەند گرنگە، پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تایبەتمەند بەکارکردن لەگەڵ کەیسە جیاوازەکانی ئافرەتان و لەنێوانیشیاندا کەیسەکانی توندوتیژی، بەهاوکاربی دادگاکان بتوانین ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببینەوە.
بێگومان لەدوای هاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گۆڕانکاریی گەورە لەجیهانداڕوویدا، بەتایبەت لەشێوازی وەرگرتنی داتاکاندا، بۆیە دەبێت پێکەوە بیر لەڕێگەچارەی نوێ و شێوازی نوێ بکەینەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.
هەرچەندە لەساڵانی ڕابردوودا چەند یاسایەکی نوێ و هەمواری گرنک بۆ یاسا بەرکارەکان لەو بڕگەو مادانەدا کەپەیوەندیدارن بەمافەکانی ئافرەتانەوە لەهەرێمی کوردستان دەرکراون، بەڵام ئێستا هەموارێکی وردو درشتی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییمان پێویستە، تابتوانین لەڕووی یاساییەوە ڕێکارە نوێکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دیاری بکەین.
لەکۆتاییدا وەک لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت ئیدانەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەکەین کەئافرەتانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە.
لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی کوردستان
2020/11/25