Skip to the content
Menu

ڕاگەیاندراوی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە هێرشی چەکدارانی پەکەکە بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان

هێرشی چەکدارانەی ئەمرۆی پەکەکە بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین، و رایدەگەیێنین، هەرێمی کوردستان خاوەنی سەروەری و قەوارەی سیاسی و شەرعی خەڵکی کوردستانە بەسەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانەوە، و پێشمەرگەش تاکە هێزی یاسایی و شەرعی هەرێمی کوردستانە.

هەر هێرشێک بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە، بەهێرش و پەلاماردانی تەواوی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لێی دەروانین، لەروانگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، هەر هەوڵێک بۆ نانەوەی ئاژاوە و پشێوی و شەری براکوژی و خۆبەخۆیی ڕەتدەکەینەوە، پێویستە پەکەکە رێز لە سەروەری قەوارەی هەرێمی کوردستان بگرێت و چیتر نەبێتە کێشە بۆ حکومەتی هەرێم و خەڵکەکەی، و نەبێتە هۆی تێکدانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و تەبایی سیاسی و یەکریزی لایەنەکان.

وەک ئاشکرایە هەرێمی کوردستان بەکۆمەڵێک قەیرانی سەختی ئابووری و تەندروستیدا گوزەر دەکات و رۆژ بە رۆژ لێکەوتەکانی بەسەر هاووڵاتیانەوە دەردەکەوێت و باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی قورسکردووە و بەرگەی کێشە و ئاڵۆزی و قەیرانێکی تر ناگرن، بۆیە گرنگە هێزە سەرەکییەکانی کوردستان بزانن کە بۆ ئەوەی مافەکانمان دەستەبەر بێت و قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، پێویستە یەکریز و هاوئاهەنگ بین و دوور بکەینەوە لە هەوڵدان بۆ پەلاماردانی یەکتر، هەروەها شەری برا کوژی لەلایەن تەواوی گەلی کوردستان بەهەموو پێکهاتە جیاوازەکانەوە حەرام کراوە، و جارێکی تر نابێت رووبداتەوە و هەر هەوڵێکی لەم شێوەیە وەک تاوانێک دژی بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان هەژمار دەکرێت.

پەرلەمانی کوردستان، هێزە سیاسییەکان هان دەدات بۆ گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ و بەرپرسیاری خۆی بەگەڕ دەخات بۆ دەستپێشخەری ئاشتیانە و زەمینە خۆشکردن بۆ لێکتێگەیشتن و یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووس سازەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان، داواش دەکەین پەکەکە کێشەکانی خۆی بباتە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و چیتر نەبێتە هەرەشە بۆسەر ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی.

منی نبی قهوچی

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان

٤/١١/٢٠٢٠