Skip to the content
Menu

گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر ڕەوشی ڕێکخراوەکانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى به‌ڕێوه‌چوو

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2020/11/24، لیژنەی ڕۆشنبیری و لاوان و کۆمەڵگەی مەدەنی لەپەرلەمانی کوردستان بەھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی گفتوگۆیەکی کراوەیان لەسەر ڕەوشی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاستەنگ و گرفتەکانی بەردەم کارکردنیان لەشاری ھەولێر ڕێکخست.
له‌ لیژنەی ڕۆشنبیریی په‌رله‌مان سەلمە فاتح سەرۆکی لیژنەو فەیسەل عه‌باس ئەندامی لیژنەكه‌ به‌شدارییان له‌گفتوگۆ كراوه‌دا كردو سەرەتاى گفتوگۆكه‌ سەرۆکی لیژنەى رۆشنبیریى په‌رله‌مان کورتەباسێکی دەربارەی کاری ڕێکخراوەیی لەھەرێمی کوردستان خستەڕوو و باسی لەگرنگیی کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کەڕۆڵیان ھەبووە لەبەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری و ڕۆشنبیریی تاک و بەرەوپێشچوونی کاری خۆبەخشی و نیشاندانی سیمایەکی شارستانی بەجیھانی دەرەوە.
دواتر بەشداربووانی گفتوگۆكراوه‌كه‌ کەنوێنەرایەتیی ڕێکخراوەکانیان دەکرد سەرنج و تێبینی و ئاستەنگەکانی بەردەم کارکردنیان خستەڕوو و وا داوایان لەلیژنەی ڕۆشنبیری کرد کار لەسەر باشترکردنی کاری ڕێکخراوەیی بکەن، لەلایەن سەرۆکی لیژنەوە بەڵێنیان پێدرا کەھەرچی بتوانن وەک لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی له‌پەرلەمانی کوردستان دەیکەن لەپێناو کەمکردنەوەی کێشەو ئاستەنگەکان و لەداھاتوودا لەھەماھەنگیدا دەبن و ئەمجۆرە دیدارو کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن و لە ئایندەدا لیژنەی ڕۆشنبیری ڕاپۆرتێک لەسەر ڕەوشی ڕێکخراوەکان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن.