Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی كۆبووه‌وه‌

نیوه‌ڕی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2020/11/17، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌زرش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتیی جه‌لال په‌رێشان جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی مه‌م بورهان و گۆران عومه‌ر ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌‌، پێشوازیى له‌ حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی حكومه‌تی ‌هه‌رێمی كوردستان كردو كۆبوونه‌وه‌كیان ئه‌نجامدا.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای لیژنه‌ی رۆشنبیری ڕێكخرابوو و تیایدا ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك تێبینی و سه‌رنجیان له‌سه‌ر هه‌ردوو دۆسییه‌ی پێنج ملیۆن دۆلاری پایته‌ختی گه‌شتیاریی هه‌ولێرو بیست ملیار دیناری پایته‌ختی ڕۆشنبیریی سلێمانی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌‌ كردو داوای ڕوونكردنه‌وه‌و زانیاریی ته‌واویان لێكرد.
دواتر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی وه‌ڵامی به‌شێك له‌پرسیارو سه‌رنجه‌كانی دایه‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌كۆی گشتیی زانیاری و داتاو ورده‌كاریی هه‌ردوو دۆسییه‌كه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری ده‌كات به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون و به‌رچاوڕوونیی زیاترو جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ئاماده‌یی ته‌واوی تێدایه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر هه‌ر پرسێك كه‌گومانی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی تێداكرابێت.