Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی چەند پرسێک تاووتوێ دەکات

بەمەبه‌ستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی پەیوەست بەكارى لیژنەكه‌، نیوەرۆی ئەمڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/11/18، لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، بەسەرپەرشتیی د.ھەورەمان حەمە شریف گه‌چێنه‌یى سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆى ئه‌نجامدا.
کۆبوونەوەکە وەک ڕێزگرتنێک لەگیانی پاکی خوالێخۆشبوو د.فرست سوفی پارێزگای ھەولێرو ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، به‌دەقیقەیەک وەستان لەگەڵ خوێندنی سورەتی فاتیحە دەستی پێکرد.
دواتر خوێندنەوەیان بۆ سەرجەم ئەو ڕاپۆرت و نوسراوانە کرد کە ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون، دوای گفتوگۆکردن ئەوانەى پێویستییان بەوەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵامدرانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
ھەر له‌کۆبوونەوەدا باس لەسەردان و بەدواداچوونەکانی لیژنەكه‌ کرا کەلەماوەی رابردوودا بۆ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامى دابوو.
ھەروەھا باس لەئامادەکردنی پرۆژەیاسایەک کرا سەبارەت بەموڵکەکانی وەقف لەھەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەش کۆمەڵێک راو پێشنیاز خرانەڕوو و بریاردرا بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی پرۆژەکە ڕاو بۆچوونی بسپۆڕان و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەربگیرێ.
لەکۆتایی کۆبوونەوەكه‌شدا به‌مه‌به‌ستی چارەسەرکردنی کێشەو گرفتی خوێندنی قوتابیانی ئاینی لەھەرێمی کوردستاندا، بریاردرا لەدانیشتێکی تایبەتدا بانگھێشتی ھەریەک لەوەزارەته‌كانی خوێندنی باڵاو پەروەردەو ئەوقاف بکرێت.