Skip to the content
Menu

لیژنەی كۆمەڵایەتی بەدواداچوون بۆ كێشەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێرى و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر دەكات

بەمەبەستی ئاگاداربوون لەكێشەو گرفتەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێرى و گەشەپێدانی كۆمەڵاَیەتیی هەولێرو خانەی بەساڵاچووان و بێسەرپەرشتان، ئەمڕۆ دووشەمە 2020/11/2، شاندێكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ، بەسەرۆكایەتیی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەو ئەندامیەتیی حه‌سیبە گەردی و زكری زێباری ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌و راوێژكاری لیژنەكە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵاَیەتیی هەولێری كردو لەگەڵ ستافی بەڕێوەبەرایەتییەكە كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا لیژنەكە لەنزیكەوە گوێی لەكێشەو گرفتەكان گرت و پاشان گفتوگۆیان لەبارەوە كرد به‌مەبەستی دۆزینەوەی رێگه‌چارە بۆ سەرجەم كێشەو گرفتەكان، جا چ بەدەركردنی یاسای تازە بێت یان بەهەمواری یاسا بەركارەكان بێت.
لەبەشێكی ترى كۆبوونەوەكەدا باسی كارو چالاكیی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان و خانەی بەساڵاچووان و بێسەرپەرشتان و دایەنگەكان و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵاَیەتی و پەیمانگه‌كانی نابینایان و نابیستان كرا، لەگەڵ دەستنیشانكردنی كێشەو گرفتەكان و چۆنیەتیی دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمی چارەسەركردنیان.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا باس لەكێشەو گرفتی خێزانە هەژارو كەمدەرامەتەكانی سنووری چالاكیی بەڕێوەبەراتیی گشتی كرا، كه‌ئێستا كار لەسەر ئەو خێزانانە دەكەن كە تاكو ئێستا هیچ مووچەیەكیان نییە لەحكومەته‌وه‌ كەژمارەیان (30) هەزار خێزانەو هەوڵیانداوە رێژەی كێشەكانیان كەم بكەنەوە، ئەویش بەهاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكان و خەڵكی خێرخوازو رێكخراوەكانی كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی كەتوانیویانە نەهێڵن خەڵكی بەساڵاچوو و بێسەرپەرشت لەسەرشەقام بمێننەوە.
لەكۆتاییی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر یاسای جێگرەوەی خێزانی كرا، كەتوانیویانە سەرەتا تێست ئەنجام بدەن بەم یاسایە وەك پلانی وەزارەت و پرۆسەكە بەباشی دەڕِوات.