Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردە بانگھێشتی وەزیرانی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکرکردن لەسەر چەند پرسێکی پەروەردەیی و خوێندنى باڵا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشەممە 2020/11/29، لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بەسەرپەرشتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامانی لیژنەكه‌ کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر پرسی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی سەر بەھەردوو وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئەندامانی لیژنەكه‌ ڕاو سەرنجەکانیان خستەڕوو، بۆ ڕاوێژو دەرکردنی بڕیاری پێویست بڕیاردرا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بانگھێشتی ھەردوو وەزیری پەیوەندیدار بکرێت بۆ ئامادەبوون لەکۆبونەوە ی لیژنەكه‌ بۆ خستنە ڕووی پلانی هه‌ردوو وه‌زارته‌تی ناوبراو بۆ دڵنیابوون لەچارەنووسی قوتابیان و خوێندكاران لەئەگەری بەردەوامبوونی ڤایرۆسی کۆڤید١٩و خستنه‌ڕووى پێشنیازی لیژنەكه‌ بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن.
ھەر لەکوبوونەوەکەدا کێشەو گرفتەکانی دابەزاندنی قوتابیان لەزانکۆو پەیمانگه‌كان خرایەڕوو، هه‌روه‌ها بابەتی کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لەزانکۆو پەیمانگه‌کانی تایبەت و پاڕالێل و چارەنووسی کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان و چاره‌نووسی ٢٤٠ قوتابی و زانکۆی ستراتفۆردی ئەمریکی و چارەنووسی وانەبێژان و ماف و شایستە داراییەکانیانگفتوتۆی لەسەر کرا.
هه‌روه‌ها لیژنه‌كه‌ پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە بۆ کوڕو کچی شەھیدو ئەنفالکراوو زیندانیانی سیاسی و سێ یەکەمه‌کانی زانکۆو پرسی تاقیکردنەوەی تەمھیدیی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بەھەموو بەشەکانییەوە لەقەزاکان باسی لێوه‌كراو بڕیاردرا لەگەڵ وەزارەتی تایبەتمەند لەکۆبوونەوەی داھاتووی لیژنە تاووتوێ بکرێن.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا سەرۆکی لیژنە ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو کێشانەو چەندین کێشەو گرفتی تر لەکۆبوونەوەی ھەفتەی ئایندە باسدەکرێن و ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرو دانانی میکانیزمی گونجاو دەدرێت لەسەر کۆی گشتیی پرسەکان.