Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا به‌دواداچوون بۆ پرسی مووچه‌و شایسته‌ داراییه‌كانی مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەددین و گرفتى به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌كات

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەمە 2020/11/15، شاندێکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەسەرۆکایەتیی عبدالسلام دۆلەمەری سەرۆکی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیى موسلیم عه‌بدوڵا جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و د.گه‌لاوێژ عوبێد بڕیارده‌رى لیژنه‌كه‌و حه‌سیبه‌ گه‌ردى ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌و راوێكارى لیژنه‌كه‌، سەردانی سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەدین-ى کردو لەلایەن سەرۆکی زانکۆو یاریدەدەران و بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییه‌کانی زانکۆکە پێشوازیى لێکرا.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا گفتوگۆکرا لەسەر دۆخی زانکۆو دەوامی قوتابیان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و گرفتی قوتابیان لەپێنەدانی بەشە ناوخۆیی لەکاتێکدا دەوامی ناو زانکۆکان دەستیپێکردۆتەوە، کە ئەمەش کێشەی بۆ قوتابیان دروستکردووە، بۆ ئەو مەبەستەش شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان داوای ڕوونکردنەوەو ھۆکاری نەکردنەوەی بەشە ناوخۆییەکانى له‌سەرۆکایەتیی زانکۆكه‌ کردو بڕیاردرا لەئێستاوە ئامادەکاری بکرێت و لەسەرەتای مانگی ١٢ بەشە ناوخۆییەکان بەڕووی قوتابیان و خوێندکاراندا بکرێتەوە بەجێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان.
دواتر سەرۆکی زانکۆو سەرپەرشتییارانی بەشە ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەچەند گرفتێک کرد کەبوونەتە بەربەست لەبەردەم کردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان، وەک زۆری ژمارەی قوتابیان و نەبوونی بنکەی تەندروستی لەناو بەشە ناوخۆییەکان و چەند گرفتێکی تر، هه‌روه‌ها دڵنیایی تەواویان دا بەلیژنەكه‌ی په‌رله‌مان کە بۆ سەرەتای مانگی داھاتوو بەشە ناوخۆییەکان دەکرێنەوە.
لەکۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا شایستە داراییەکانی مامۆستایان و دۆخی تەندروستیی ناو کۆلێژەکان ھەڵسەنگاندنیان بۆ کراو ھەردوولا جەختیان لەگرنگیی سەلامەتیی قوتابیان و مامۆستیان کردەوە.