Skip to the content

شاندێكى لیژنەی کاروباری شه‌هیدان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە کۆبووه‌وە

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2020/11/18، شاندێكی لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان وجینۆسایدو زیندانیانی سیاسی، كه‌پێكهاتبوو له‌ سوسن محه‌مه‌د میرخان سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامیه‌تیی هه‌ژان حه‌سه‌ن كوێستانی و عوسمان كانى كورده‌یى ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیى لێكرا.
له‌دیدارێكدا كه‌بەئامادەبوونی سەربەست لەزگین بریکاری وەزیرى پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێوه‌چوو، دواین گۆڕانکارییەکانی پرسی چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگەو گۆڕانکاری لەلیستی خانەنشینان و شەهیدان و هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چاکسازی و پاکسازی لەنێو لیستی شەهیدان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
سوسن محه‌مه‌د میرخان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی کاروباری شەهیدان دەستخۆشی و ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد بۆ پرسی ئه‌نجامدانى چاکسازی له‌وه‌زاره‌تدا، هاوكات خوازیاربوون وەزارەتی پێشمەرگە بەمیکانیزمی نوێ و باشتر لەپرۆسەی چاکسازی بەردەوام بێت و ئامانجی چاکسازی بەته‌واوی بەدیبهێنرێت، له‌نێوشیاندا باشتركردنی بارو گوزرانی كه‌سوكاری شه‌هیدان به‌بایه‌خه‌وه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ستایشی هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك و ئەندامانی لیژنه‌ی کاروباری شەهیدانى پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان وەکو دامەرزاروەیەکی چاودێری و شەرعی، هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانیی وەزارەتی پێشمەرگەو پرۆسەی چاکسازی بووە، ئه‌م په‌رۆشی و دڵسۆزییه‌‌شیان جێی بایه‌خی ئێمه‌یه‌و خوازیارین پەرلەمانی کوردستان هەمیشە هاوکارو هەماهەنگ بێت لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا".
لەبەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا پرسی بەخشینی هاوکارییەکانی رێكخراوێكی ئەمریکی بۆ کەسوکاری شەهیدان و دروستبوونی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی کەڕوویدا، پرسیاری ئەندامانی پەرلەمان بوو لەوەزیری پێشمەرگە، وەزیری پێشمەرگە رایگه‌یاند: "‌کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان تاجی سەرمانن و پیرۆزی ئەم نیشتیمانەن، ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە هەمیشە لەهەوڵداین بۆ دەستبەرکردنی مافی کەسوکاری شەهیدان و ئەوەشی روویدا تەنها لێکتێنه‌گه‌یشتن بوو لەنێوان ئەو رێکخراوەی ئامادەسازیی کردبوو بۆ پێدانی کۆمەڵێک پێداویستی بەکەسوکاری شەهیدان. له‌مڕوه‌وه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت له‌مباره‌یه‌وه‌ باشترین هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی له‌خزمه‌ت وارسی شه‌هیداندا بخاته‌گه‌ڕ.