Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی شاره‌وانی راپۆرت له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای پاراستنی تۆڕو بنچینه‌كانی ئاوو ئاوه‌ڕۆ ئاماده‌ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكى گرنگی په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنه‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2020/11/17، لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه.
له‌كۆبوونه‌وه‌کەدا گفتوگۆكرا له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای پاراستنی تۆڕو بنچینه‌كانی ئاوو ئاوه‌ڕۆ له‌هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مان له‌ 2020/10/27، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌‌ كراوه‌ بۆ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت له‌سه‌رى، دوای ڕاوێژو گفتوگۆی نێوان ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌،‌ بڕیاردرا له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ڕاوێژكاری له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ئاوو ئاوه‌ڕۆ له‌هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێوبه‌رانی ئاوی هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم ئه‌نجام بده‌ن بۆئه‌وه‌ی ڕاپۆرتێگی گشتگیرو بێ كه‌موكوڕی ئاماده‌ بكه‌ن.
به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌رخانكرابوو بۆ خوێندنه‌وه‌ی داواكاری و سكاڵای هاووڵاتییان و خستنه‌ڕووی كێشه‌كانیان و ئه‌و نوسرانه‌وه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌‌ كرابوون و دوای خوێندنه‌وه‌یان ئه‌ندامان ڕاو سه‌رنجی خۆیان خسته‌ڕوو و ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌وه‌ڵامدانه‌و هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستی به‌دوا داچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.