Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ساڵیادی دامه‌زراندنی سلێمانى-دا

بەبیرم دێ سولەیمانی کەدارولمولکی بابان بوو
نەمەحکومی عەجەم نەسوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
ئەمڕۆ 236 ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێت، ئەو شارە جوان و جیاوازەی لەسەردەستی برایم پاشای بابان لە 14 تشرینی دووەمی ساڵی 1784 یەکەمین بەردی بناغەی ھەر لەسەرەتاوە بۆ شار دانرا.
سلێمانی لەدامەزراندنییەوە بۆ ئێستا شاری ڕەچەشکێن و داھێنانی ڕێبازە سیاسی و ئەدەبییەکانە، سەرقافڵەی پێشکەوتن و نوێبوونەوەی ھەردەمی کۆمەڵگه‌ی کوردستانە، داھێنەرو بزوێنەری شۆڕش و ڕاپەڕین و بزوتنەوە سیاسییەکان و خاوەنی شوناسی ھەڵمەت و قوربانییە، هێمای شارێکی زیندووە کە لەڕەوتی مێژوویی خۆیدا لانکەی بەرخودان و ھێزی بەگژداچوونەوەی داگیرکەران و داینەمۆی کوردایەتییەکی پاک و پێشکەوتنخواز بووە.
لەئەمڕۆشدا سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریی ھەرێمی کوردستانە، لەھەرکاتێک زیاتر ڕەونەقی پێشکەتنخوازی و تەوژمی ژیاندۆستی و بیری لێبووردەیی و پێکەوەژیان تیایدا چرۆی ھیوا دەکات و پێمان دەڵێت وێڕای ئاستەنگی و دژوارییەکان، وێڕای کێشەو گرفتەکان، بەڵام چراخانی سلێمانی بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەشترو پڕشنگدارترو شایستەتر مایەی ھیواو مژدەی بەردەوامبوون و دەرکەوتنی ڕۆژگارێکی نوێیە.
لەم یادەدا سڵاو لەسلێمانی، شاری ڕۆشنبیری و جوانی، ھەر ئاوەدان و چراخان و پارێزراوبێت و ھەر ئاوا سەربەرز بمێنن خەڵکەکەی.

د.رێواز فایه‌ق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان
14ى تشرینی دووه‌مى 2020