Skip to the content
Menu

راگەیانراوێک لەسەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەتێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

بەنیگەرانییەکی قووڵەوە لەدواین ھەنگاوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕوانین، کە بەبێ رەچاوکردنی بەهاکانی پێکەوەژیان و ھاوبەشی و بنەماکانی سیستمی فیدراڵی کە لەدەستووری عێراقدا چەسپێنراون، لەسەر بنەمای زۆرینەو بێ ڕەچاوکردنی مافی خەڵکی کوردستان، بەرەبەیانیی ١٢ی ١١ی ٢٠٢٠، یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی داراییی پەسەند کرد.
ئەم ھەنگاوە، پێشێلکردنی گیانی پێکەوەژیان و ھاوبەشییەو پێچەوانەی هێڵە گشتییەکانی رێککەوتنەکانی پێشووترە، هاوکات وەستانەوەیە دژ بەھەر جۆرە لێکنزیکبوونەوەیەک بۆ چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەماکانی دەستوور.
بۆیە وێڕای سوپاس و دەستخۆشیی زۆری خۆمان بۆ تەواوی فراکسێۆنە کوردستانییەکان و سەرجەم نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان کە یەکھەڵوێست و ھاوڕِابوون بۆ رەتکردنەوەی بەشداربوون لەدانیشتنی دەنگدان، رایدەگەیەنین کە بەھەماھەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لەدامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراق و دوای پرس و راوێژی فراکسێۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و ھەموو رەھەندەکانی ئەم پێشھاتە لێکدەدرێنەوەو ھەڵوێست و بڕیاری یەکگرتووانە دەگیرێتە بەر، چونکە ئەم بابەتە پەیوەندیی بەژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە هەیەو ئەرک و بەرپرسیارێتیی هاوبەش دەخاتە ئەستۆمان.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
١٢ی ١١ی ٢٠٢٠