Skip to the content
Menu

شاندێكى لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی سەردانی ماڵی بەساڵاچووان و خانەى بێسەرپەرشتان و بەرێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێری کرد

ڕۆژی دووشەمە ٢٠٢٠/١١/٩، شاندێکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤ بەسەرۆکایەتیی رۆمیۆ هەکاری سەرۆکی لیژنەو ئەندامیەتیی زانا مه‌لا خالد ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌و راوێژكارى لیژنه‌كه‌، سەردانی مالی بەساڵاچوان و خانەی بێسەرپەرشتان و بەرێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێری کرد.
سەرەتا شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان سەردانی ماڵی بەساڵاچووانی کردو لەلایەن کامران تۆفیق لێپرسراوی ماڵی بەساڵاچووان و ستافی ماڵەکە پێشوازییەکی گەرمی لێکراو لەسەردانەکەیاندا بۆ ماڵی بەساڵاچووانی هەولێر لەکەموکوڕییەکانی مالی ناوبراو و لەڕەوشی تەندروستی و پێداویستییەکانی بەساڵاچووان دڵنیابوونەوە.
پاشان لێپرسراوی ماڵی بەساڵاچووان بەدرێژی باسی لەکەموکوڕییەکانی ماڵەکەو کێشەو گرفتی فەرمانبەران و کارو چالاکییەکان و ئەو خزمەتگوزارییانەی کەپێشکەشی بەسالاچووانیان کردووە كرد، بەتایبەتی لەو بارودۆخە سەختەی قەیرانی دارایی و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کەبەردەوام پشکنینیان بۆ دەکرێت رۆژانەش کەلوپەلی ناو ماڵی بەساڵاچووان تەعقیم دەکرێت.
لەسەردانەکەدا چەندین پێشنیارو داواکاریی مالەکە پێشکەش بەشاندی لیژنەکە کراو گفتوگۆی چڕوپڕ لەسەر کێشەو گرفتەکان کرا، لەبەرامبەردا لیژنەکەی پەرلەمان پشتگیری و پاڵپشتیی خۆی بۆ داواکارییەکان و هەر هاوکارییەکی پێویست دەربڕی.
پاشان شاندی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان لەسەردانێکی مەیدانیدا سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگه‌ى بەساڵاچووانی ژنان و پیاوان و ئەو بەساڵاچووانەی کەپەککەوتەن بەسەرکردەوە، بۆئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری رەوش و بارودۆخی تەندروستی و ئەو خزمەتگوزارییانەی کەپێشکەش بەساڵاچووان دەکرێت ببن.
شاندی لیژنەكه‌ خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی كه‌ سه‌ربارى ئەو بارودۆخە خراپەی کەهەیە بەڵام بەهەوڵ و ماندووبوونی ستافی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییەکەو خەڵکی خێرخوازو دەزگای خێرخوازی بارزانی بەساڵاچووان ڕەوشێکی باش بەسەردەبەن لەماڵەکەدا.
پاشان شانده‌كه‌ سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێری کردو لەلایەن شێخ زەیتۆ بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێرو ستافی سەرپەرشتیاری خانەی بێسەرپەرشتانی کوڕان و کچان پێشوازیى لێکرا.
سەرەتا رۆمیۆ هەکاری سه‌رۆكی لیژنە باسی لەئامانجی سەردانەکە کرد بۆئه‌وه‌ى لەنزیکەوە ئاگادارى بارودۆخ و کێشەو گرفتەکانی منداڵانی کوڕو کچی بێسەرپەرشتی خانەکە کرد.
پاشان شێخ زەیتۆ بەدرێژی کێشەو گرفتەکانی بەرێوەبەرایەتییەکەو هەردوو ماڵی بەساڵاچووان و خانەی بێسەرپەرشتانی کچان و کوڕانی هەولێرى بۆ ئەندامانی لیژنەکە خسته‌ڕوو، هەروەها باسی لەوەش کرد کەئەوان وەک خێزانێک هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵانى ناو خانەکان دەکەن و زۆربەیان خستوونەتە بەرخوێندن بۆئەوەی داهاتوویان پارێزراوبێت، کە مەبەستیانە ئەو منداڵانە بەشێوەیەکی باش پەروەردە بکرێن و تاکێکی بەسوود بن بۆ خۆیان و بۆ کۆمەڵگه‌کە، هەروەها باسی لەوەش کرد کە لەو خانانە کچان و کوڕان بەشێوەیەکی وا پەروەردە دەکرێن هیچ جیاوازی نەبێ لەگەڵ هەرخانەوادەیەکی ئاسایی نێو کۆمەلگه‌و سەرجەم پێداویستیەکانیان بۆ ئەو مندالانە دابین کردووە بەهەوڵ و هیمەتی رێکخراوە کانی خێرخوازی و کەسانی خێرخوازی ئەم شارە، هەروەها ڕۆژانە تیمی پزیشکی پشکنینیان بۆ دەکەن تا دڵنیابن لەتەندروستییان.
پاشان بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی گووتی: "فەرمانبەران و کارمەندانى خانەی کچان و کوڕان و ماڵی به‌ساڵاچووان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کارەکانیان جێبەجێ کردووە لەماوەی رابردوو کە قەیرانی دارایی و نەخۆشی پەتای کۆڕۆنا هەبووە".
دواتر شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان سەردانی خانەکانی کوڕان و کچانی کردو لەنزیکەوە چاویان پێیان كه‌وت و گوێبیستی داواکاری و گرفتەکانی منداڵانی کچان و کوڕانی ئەم خانانه‌ بوون.
لەکۆتاییدا شاندی لیژنە خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بەئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی کەستافی خانەکان پێشه‌كه‌ش به‌کوڕان و کچانى کۆمەڵگه‌کەى دەکەن کەلەئاستێکی زۆرباش دایە.