Skip to the content
Menu

شاندێکی لیژنەی شارەوانی سەردانی وەزارەتی شارەوانیی كرد

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ دووشەمە 2020/10/19، شاندێکی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار له‌په‌رله‌مانی كوردستان، بەسەرۆکایەتیی لوقـمان وەردی سەرۆکی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیی د.محێدین حه‌سه‌ن و د.زێدان برادۆستی ئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی وەزارەتی شارەوانیی کردو لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانییەوە پێشوازیى لێکرا.
لەدیدارێکدا گفتوگۆکرا لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی ھەرێمى کوردستان و جەخت کرایەوە کەدەبێت ھەوڵبدرێت خزمەتگوزارییەکان بگەنە سەرجەم ناوچەکان و خزمەتی زیاترى ھاونیشتمانییان بکرێت.
له‌تەوەرێکی ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٩ى تایبەت بەدەسترێژیکردنەسەر موڵکی گشتی و ھەنگاوەکان و ڕێکارەکان قسەی لەسەرکراو داواکرا کەدەرچەیەکی یاسایی بدۆزرێتەوەو ھەمواری ھەندێک بڕگِەى یاساكه‌ بکرێت.
دواتر کێشەی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک و گرێبەستەکانیان گفتوگۆیان لەسەر کراو جەخت لەوە کرایەوە کەپێویستە بۆ ھەر بڕیارو ڕێنماییەک دۆخی ئابووریی ھاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت.
لەکۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا ھەردوولا ئەو دیدارو سەردان و کۆبوونەوانەیان بەگرنگ وەسفکردو جەختیان لەسەر ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی کردەوە.