Skip to the content
Menu

له‌یادى له‌دایكبوونى پێغه‌مبه‌ر (د.خ)
د.ڕێواز فایه‌ق: "ھیواخوازین ئەم یادە ببێتەمایەی قووڵبوونەوەی گیانی لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی موسڵمانان و پێکهاتە ئاینییەکانی تر"

بەبۆنەی هاتنەوەی یادی پیرۆزی لەدایکبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی و پێغەمبەری موسڵمانان(د.خ)، گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان دەکەین.
ھیواخوازین ئەم یادە بەشکۆیە ببێتە مایەی قووڵبوونەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی موسڵمانان و پێکهاتە ئایینیەکانی تر، و زاڵبوونی پەیامی میانڕەویی و ڕێگەچارە ئەقڵانییەکان، کە ئاکاری ھەردەمی ئەو پێشەوا ڕاستگۆ و ئەمینە بوون، بۆ ئەوەی شوێنی توندڕەویی و یەکترسڕینەوە و ناکۆکی و بریندارکردنی یەکتر و پێکداهەڵپژان بگرێتەوە.
لەخوای گەورە داواکارین لەم یادە پیرۆزەدا، میھرەبانی خۆی بڕژێنێتەوە سەر مرۆڤایەتی و نەھامەتی و ناخۆشیەکانی ئەم سەردەمە و پەتای نەگریسی کۆرۆناش لەکۆڵ مرۆڤایەتی بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بکاتەوە.
ئەم یادە تەنها ڕۆژێکی پیرۆز نیە بۆ موسڵمانان، بەڵکو دەبێت ساتەوەختێکیش بێت بۆ بەکۆتاهێنانی زوڵم و ستەم، جەختکردنەوە لەسەر بەرجەستەکردنی بەها باڵاکانی دادپەروەریی و لێبوردەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، قبووڵکردنی یەکتر و دووورکەوتنەوە لە بریندارکردنی ئەوی تری جیاواز، قبووڵنەکردنی پەیامی توندڕەویی،ڕقلێبوونەوە و بێڕێزیی بە پیرۆزییەکانی یەکتری،لە پێش هەموویاندا بێڕێزیی بەرامبەر بە پێشەوای موسوڵمانان پێغەمبەری مەزن(د.خ).
خوای گەورە مرۆڤایەتی و کوردستان و هاووڵاتیانی لە دەرد و بەڵا و نەهامەتی بپارێزێت و ئارامی و ئاسوودەیی بە هەمووان ببەخشێت..
د.ڕێواز فایه‌ق
سه‌رۆكی پەرلەمانی کوردستان