Skip to the content
Menu

شاندێکی باڵای پەرلەمان سەردانی کۆنسوڵخانەی فەڕەنسایان کرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ٢٨/١٠/٢٠٢٠ شاندێکی فەرمی باڵای پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە یاوەری ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکان و پێکهاتەجیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی کۆنسوڵخانەی کۆماری فەڕەنسا-یان کرد، و لەلایەن ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کۆنسوڵی گشتی کۆماری فەڕەنسا پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکی دۆستانەدا، باس لە پەیوەندییە لە مێژینەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری فەڕەنسا کرا، لەلایەن خۆیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کورتە باسێکی مێژووی خستەڕوو سەبارەت بە هەڵوێستە ئەرێنی و پشتیوانییەکانی گەل و حکومەت و سەرۆکەکانی فەڕەنسا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، کە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا، دڵسۆزانە بە هانای هەرێمی کوردستان هاتوون و لە هەموو قۆناغە جیاوازەکاندا بەو پەڕی لەخۆبردوویی و دڵسۆزییەوە پشتگیری خەڵکی کوردستانیان کردووە.

هەر لە دیدارەکەدا شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان، جەختیان لەبەهێزتر کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە، هاوکات سوپاسی سەرجەم ئەو هەڵوێستانەیان کرد، کە گەل و حکومەت و سەرۆکەکانی فەڕەنسا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان هەیانبووە .

لەلایەن خۆیەوە ئۆلیڤیێ دیکۆتێنی کۆنسوڵی گشتی کۆماری فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانەی شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان دەربڕی، و جەختی لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان کردەوە.

دوابەدوای دیدارەکەش، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەناوی  سەرۆکایەتیی و زۆرینەی ڕەهای  پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان، بەوردی ناوەرۆکی سەردانەکەی بۆ میدیاکان خستەروو و رایگەیاند: هەلوێستی فەرمی پەرلەمان بەپێی پەیرەوەی ناوخۆ، ئەو هەڵوێست و راگەیاندراوانەن کە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتییەوە دەدرێن و جەختی لە شانازی کوردستان بە زۆرینەی موسڵمان و فرەیی ئایینی و پێکەوە ژیان کردەوە، و هەموو جۆرە توندوتیژییەک رەتدەکەینەوە و جەخت لە پەیوەندی دێرین و فراوانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.