Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنەی ئەوقاف وكاروباری ئایینی سەردانی كۆلیژی زانستەئیسلامیەكانی کرد

پێش نیوەرۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١/١٠/٢٠٢٠ شاندێكی لیژنەی ئەوقاف وكاروباری ئایینی لەپەرلەمانی كوردستان بە سەرۆکایەتیی مەلائیحسان مەحەممەد سلیم جێگری سەرۆکی لێژنە، و بەیاوەری وەیسی سەعید وەیسی بریاردەری لیژنە، وفیسەل عباس عولا ئەندامی لیژنەکە، سەردانی كۆلیژی زانستەئیسلامییەكانیان لە شاری هەولێر كرد، و لەلایەن د. ئیدریس قادر حەمەدئەمین ڕاگری کۆلێژی زانستەئیسلامییەکان و مامۆستایانی کۆلێژەکە پێشوازییان لێکرا.
لەدیدارێکدا باس لەگرنگی كۆلیژەكە كرا، بۆپێگەیاندنی مامۆستا وپسپۆرانی بواری ئایینی وبڵاوكردنەوەی بیری میانڕەوی لەھەرێمی كوردستان. هەروەها باس لەچەندین كێشەوداواكاری كرا، بۆ زیاتر بایەخدان وسودوەرگرتن لەتوانای دەرچووانی كۆلیژەكە.
شاندەکەی لیژنەی ئەوقاف، دووپاتی پاڵپشتی وپشتیوانی خۆیان كردەوە، لەپێناو بایەخدانی زیاتر بەڕەوشی خوێندنی ئیسلامی لەھەرێمی كوردستان، وجەختیان كردەوە لەسەر ھەماھەنگی و لەیەكتر نزیك بوونەوەی زیاتر بۆكاری ھاوبەش .
لەلای خۆیانەوە، ڕاگرایەتی كۆلیژی زانستەئیسلامییەكان خۆشحاڵی خۆیان بەو سەردانەی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی دەربڕی وسوپاسی خەمخۆری وپەرۆشی لیژنەکەیان كرد.