Skip to the content
Menu

لیژنەی پێشمەرگە بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی دەکات

بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ھەنگاوەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی و چەند پرسێکی تر، ئەمڕۆ سێ شەممە ١٣/١٠/٢٠٢٠ شاندێکی لیژنەی پێشمەرگە، بەسەرۆکایەتی عوسمان سێدەری جێگری سەرۆکی لیژنە، بەیاوەری ئەبوبەکر ھەڵەدنی ، باڵانبۆ محمد و سعید ھەرکی ئەندامانی لیژنەکە، سەردانی بەڕێوبەرایەتی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد و لەگەڵ ستافی بەڕێوبەرایەتیەکە کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا سەرجەم ئەو کۆبوونەوانەی کە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی لەگەڵ راوێژکارانی سەربازی وڵاتانی هاوپەیمانان کردویەتی بۆ بابەتی چاکسازی گفتوگۆی لەسەر کرا.
ھەروەھا باس لە کۆمەڵێک پڕۆژە کرا، لەوانە پرۆژەی ئامادەباشی پێشمەرگە، کە بابەتی یەکخستن و یەکسان کردنی دەوامی هێزەکانی پێشمەرگەی تێدایە، هەروەها نەهێشتنی بندیوارەکانی پێشمەرگە،و  پرۆژەیەک بۆ رێکخستنی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، و بەئەلیکترۆنی کردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکان جێبەجێکراوە و لە ئاییندەدا بۆ لیواکانیش جێبەجێ دەکرێت.
لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، پرۆژەکانی یەکسانی جێندەری لە هێزەکانی پێشمەرگە، یەک سیستەمی چەک لە لیواکان، لێکدانی توانای هێز و چەکە جۆراوجۆرەکان، مناوەرەی سەربازی ، یەکپۆشی جل وبەرگ، پرۆژەی سیستمی گەیاندن، ئەفسەرانی پۆل، ستراتیژیەتی پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆژەی لۆجیستی، گفتوگۆیان لەسەر کرا.
لەتەوەرێکی تردا، ستراتیژیەتی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق،و ستراتیژیەتی بەرگری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە، و بیرۆکەی کارنامەی هێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆیان لەسەر کرا.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لە دروست کردنی سەنتەری زمان کرد بۆ پێشمەرگە، هاوکات باسی لەو خولانە کرد کە لە ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ ئەفسەرانی رەخساندووە ، بۆ دروست کردنی ئەفسەری پسپۆر لە بواری چاکسازیدا.