Skip to the content

پڕۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردن به‌ده‌نگی 71 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا

سه‌عات 2ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه 2020/9/29، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (7)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له‌ساڵی دووه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ له‌یه‌ك خاڵ پێكهاتبوو كه‌ئه‌ویش بریتی بوو له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای (له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (97، 96، 93، 91، 90) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
سه‌ره‌تا د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێندرایه‌وه.
پاشان به‌پێی خاڵی په‌یڕه‌وى له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مان چه‌ندین بابه‌ت و پرسی گرنگ خرانه‌ڕوو كه‌په‌یوه‌ست بوون به‌بارى دارایی و مووچه‌و پرسی خاڵه‌سنوورییه‌كان، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "هه‌فته‌ی ئاینده‌ سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیرى دارایی ئهاماده‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌بن و روونكردنه‌وه‌ى پێویست سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ى كه‌ ئێوه‌ باسى ده‌كه‌ن ده‌خه‌نه‌ڕوو".
دواتر به‌پێى تاكه‌خاڵی به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌بریتی بوو له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان داوای له‌لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی كرد بێنه‌ شوێنی مه‌به‌ست بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی راپۆرتی لیژنه‌كه‌یان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌، دوای خوێندنه‌وه‌ى ناوونیشان و ماده‌ به‌ماده‌ى پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌گه‌ڵ پێشنیازی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند بۆ هه‌ر ماده‌یه‌ك له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌و خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ به‌جیا به‌سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه‌بۆ هه‌ر ماده‌یه‌ك خرابوونه‌ڕوو كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌دانیشتنی پێشوودا پێشنیازكرابوون، ناوونیشان و سه‌رجه‌م ماده‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌گه‌ڵ هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی به‌و سێ پێشنیازه‌ى كه‌بۆى كرابوو، به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندكران.
پاشان كۆی یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ 71 ده‌نگ په‌سند كراو به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

پڕۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردن له‌هه‌رێمی كوردستان له‌ 18 ماده‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتووه‌و مه‌به‌ست له‌ده‌رچوواندنیشی بۆ پارێزگاریكردنه له‌موڵك و ماڵی گشتیی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ران و راسپێردراوان به‌ڕاژه‌ی گشتی له‌ڕێگه‌ی چاوپۆشی نه‌كردن له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته‌كانى پشتگوێخستن و كه‌مته‌رخه‌می یان به‌ئه‌نقه‌ست زیانگه‌یاندن به‌موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت یان سه‌رپێچیكردنی یاساو بڕیارو په‌یڕه‌و و رێنماییه‌ به‌ركاره‌كان.