Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ سەردانی چاكسازیی گەورانی هەولێری كرد

به‌مه‌به‌ستی بەدواداچوون بۆ رەوشی مافی مرۆڤی سزادراوان و ئاگاداربوون لەكێشەو گرفتەكانیان، ئەمڕۆ چوارشەمە 2020/9/23 ، شاندێكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان، بەسەرۆكایەتیی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەو ئه‌ندامییه‌تیی ژمارەیەك لەئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە، سەردانی چاكسازیی گەورانی هەولێری كردو لەگەڵ ستافی بەڕێوەبردن كۆبووەوە.
سەرەتای كۆبوونەوەكە لەلایەن بەڕێوەبەری چاكسازیی گەوران روونكردنەوەیەك درایە لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەو سزادراوەی كە لە رۆژی 2020/9/18، كەبەمادەی تیرۆر حوكمدرابوو لەچاكسازیی گەورانی هەولێر كۆچی دوایی كرد نەخۆشیی سیلی هەبووەو لەئێستادا چاوەڕێی راپۆرتی پزیشكی دادی دەكەن و هەفتەی داهاتوو ئەنجامەكەی دەردەچێت.
هه‌روه‌ها باسی لەكێشەو گرفتی ناو چاكسازی و سزادراوان كردو پێشنیارو چارەسەری گونجاوی خستەبەردەستی لیژنەكەی پەرلەمان بەمەبەستی گەیاندنی بەلایەنی پەیوەندیدار، له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ شاندى لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان گفتوگۆیان لەسەر كۆی بابەتەكان و كێشەو گرفتەكان كرد.
پاشان رۆمیۆ هەكاری باسی لەهەوڵە بەردەوامەكانی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان كرد لەگەل لایەنی پەیوەندیدار بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان، بۆ ئەم مەبەستە له‌میانه‌ى سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانیاندا بۆ چاكسازییه‌كانی هه‌رێم له‌هه‌رسێ پارێزگای هه‌ولێرو سلێمانی و دهۆك ئەو كێشەو گرفتانەی كە لەچاكسازییەكاندا هەبوون یاداشتیان كردوون و بەراپۆرتێكی تێروتەسەل ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیان كرد،بوو بۆئەوەی بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان، ئەوەبوو رۆژی چوارشەمە 2020/9/16، پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبوونی وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدانیشتنی ژمارە (6)ی ئاسایی خۆیدا رەوشی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستانی تاووتوێ كردو چەندین سەرنج و تێبنینی و پێشنیاز بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتانەی كەلەچاكسازییەكاندا هەن خرانەڕوو.
پاشان لەگەڵ نوێنەری مادەكانی سزادراوانی ناو چاكسازی كۆبوونەوە، سەرۆكی لیژنە باسی لەهەوڵەكانی لیژنە كرد، نوێنەری سزادراوانیش كۆمەڵێك داواكارییان خستەبەردەستی شاندەكەی پەرلەمان بەمەبەستی گەیاندنی بەلایەنی پەیوەندیدار بۆ چارەسەركردنیان.