Skip to the content
Menu

ليژنەی یاسایی ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر پڕۆژەیاسای لەئەستۆکردنى فه‌رمانبه‌رانی پێشکەش بەسەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٧/٩/٢٠٢٠، بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر پڕۆژە یاسای لە ئەستۆکردن لە هەرێمی کوردستان- عێراق، لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتی بژار کۆچەر سەرۆکی لێژنەی یاسایی و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لێژنە و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هۆڵی لێژنەی یاسایی بەڕێوەچوو، سەرجەم ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاساکە و پێشنیارەکانی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاساکە تاوتوێکران، و لەنێو پڕۆژە یاساکەدا شوێنیان بۆ کرایەوە و پێشکەش بەدەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە بڕیارە لە دانیشتنی ژمارە ٧ ی ڕۆژی ٢٩/٩/٢٠٢٠ خوێندنەوەی سێیەم بۆ پڕۆژە یاساکە بکرێت،و به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (٩٧، ٩٦، ٩٣، ٩١، ٩٠) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، دەنگی لەسەر بدرێت.