Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستی و ژینگه‌ به‌دواداچوون بۆ پرسه‌ ژینگه‌ییه‌كانى هه‌رێم ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی بەدواداچوون بۆ پرسه‌كانی ژینگە لەدەڤەرە جیاجیاکانی هه‌رێمی کوردستان و بەتایبەتیش پرسی سووتانی رەزو باخی ھاووڵاتییان و دارستانەکان، لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر له‌په‌رله‌مانى كوردستان لیژنەیەکی لاوەکیی پێکھێناو له‌و چوارچێوه‌یه‌شداو ‎بەمەبەستی بەدواداچوون و وەرگرتنی زانیاری لەسەر ھۆکاری سووتانی دارسنەوبەرەکانی شەقامی سلێمانی-تاسڵوجەو سووتانی شاخی گۆیژە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەمە 2020/9/27، شاندێك بەسەرۆکایەتیی د. شایان کاکە سالح جێگری سەرۆکی لیژنەو ئه‌ندامییه‌تیی لوقمان وەردی و جه‌لال محه‌مه‌د و شنۆ ئەشقی ئەندامانی لیژنەكه‌ له‌ لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كه‌ی لیژنەی تەندروستی سەردانی پارێزگای سلێمانیی کردو لەلایەن د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پێشوازیى لێکرا.
‎لە کۆبوونەوەیەکدا کە لەباڵەخانەی پارێزگا ئەنجامدرا، شاندە پەرلەمانییەکە نیگەرانیی خۆیان له‌بەرامبەر دروستبوونی ئاگرو سووتان و لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆری دار سنەوبەرو سەوزایی دەربڕی و بۆ ئەم مەبەستە داوای ڕوونکردنەوەیان لەپارێزگاری سلێمانی کردو داوایانکرد کەھۆکاری ئاگرکەوتنەکان ڕوونبکاتەوەو زانیاری بدات بەلیژنە پەرلەمانییەکە.
‎ پارێزگاری سلێمانی وێڕِای بەخێرھێنانی لیژنەکە، سوپاسی خەمخۆریی کردن بۆ پرسی ژینگەو ئاماژەی بەوەکرد کەساڵانە بەھۆکاری جیاجیاو لەناوچە جیاوازەکان ئاگر دروست دەبێت و زیانێکی زۆر بەژینگە دەگەیەنێت و ھەموولایەکیشی دڵنیا کردەوە کەبەوردی لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووەو بەدواداچوون دەکەن و ھەرکەس و لایەنێک کەمتەرخەم بووبن یان ھۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە بووبن ئەوا ڕێکاری یاساییان لەدژ دەگیرێتەبەر.
‎ھەرئەمڕۆ لیژنە پەرلەمانییەکە لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوەو سەرباری گفتوگۆکردن لەسەر سووتانی ژینگە، کۆمەڵێک بابەتی تری پەیوەندیدار بەکاروباری لیژنەکە تاووتوێ کران.
‎لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکار لەڕێگەی لیژنەی لاوەکییه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ به‌دواداچوونی ژینگە لەسه‌ردانه‌كانىى و كاه‌ركانى به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ پارێزگاو ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسە ژینگەییەکان و ھۆکاری دروستبوونی ئاگر کەبەداخەوە ساڵانە بەھۆکاری جیاواز ڕێژەیەکی زۆری سەوزایی و دار لەھەرێمی کوردستان لەناو دەچن و تائێستا نەتوانراوە ڕێگه‌چارەی گونجاو بدۆزرێتەوە.