Skip to the content
Menu

‎لیژنەی ئافرەتان چاودێری و بەدواداچوون بۆ کەیسی کوشتنی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ دەکات

بەمەبەستی چاودێری و بەدواداچوون بۆ کەیسی کوشتنی دوو کچەکە، دوێنێ ٢٠/٩/٢٠٢٠ لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان لە رێگای لیژنەیەکی لاوەکی کە پێکهاتبوو لە پەرلەمانتاران، گولستان سەعید و بەدریە ئیسماعیل و شیرین یونس، لەگەڵ قائیمقامی چەمچەماڵ کۆبوونەوە.
لەم کۆبوونەوەیە قائیمقامی چەمچەماڵ بەوردی چۆنیەتی رووداوی کوشتنەکە و رێکارە یاساییەکانی بۆ لیژنەکە خستەڕوو، پاشان بۆ زیاتر زانیاری چەند پرسیارێک ئاڕاستەی قائیمقام کرا، لیژنەکە داوایان کرد هەوڵی جدی بدرێت بۆ گەیشتن بە ئاشکرابوونی تاوانبارەکە.
پاشان لیژنەکەی پەرلەمانی کوردستان سەردانی نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی چەمچەماڵ، و داواکاری گشتیان کرد،و جەختیان کردەوە کە لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت، بەوردی چاودێری ئەو کەیسە دەکەن و دەبێ بایەخی تەواوی پێ بدرێ، تاکو تاوانبار یاخود تاوانباران ڕادەستی دادگا بکرێن و بەسزای عادلانەی خۆیان بگەن .