Skip to the content
Menu

لیژنەی دەسپاکی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/9/15، لیژنەی دەستپاکی له‌په‌رله‌مانى كوردستان، بەسەرپەرشتیی شیرین ئەمین سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئەندامان وڕاوێژکارانی لیژنەکە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە لەھۆڵی لیژنە بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەسەر بابەتی ناردنە دەرەوەی بڕی شەش ملیار یۆرۆ لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی ئابوور، کەپەرلەمانتار کاروان گەزنەیی ئەم پرسەی ورووژاندووەو چەند بەڵگەیەکی خستووەتەڕوو. دوای گفتوگۆی نێوان ئەندامانی لیژنە بڕیاردرا زانیاری و بەڵگەی پێویست کۆبکرێتەوەو لەبەدواداچوون بەردەوامبن.
دواتر سەرجەم ئەو سکاڵاو نوسراو و یاداشت و داواکارییانەی ئاراستەی لیژنەکە کرابوون خوێندرانەوەو دوای گفتوگۆی نێوان ئەندامان کاری پێویستییان لەسەر کراو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدارکران بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەیه‌کی لاوەکی پێکبھێندرێت بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو زەوییەی کەدەکەوێتە ھەولێَر شەقامی ٤٠ مەتری لە گەڕەکی ئازادی کەپێشتر ئەو زەوییە سەوزایی و یاریگاو فەرمانگە بووەو لەئێستادا کراوەتە زەوییەکی بازرگانی و یانزە پێشانگای ئوتومبێلی لەسەر دروست دەکرێت. هاوکات ئاراستەکردنی یاداشتی بۆڕدی گێڕانەوەی نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان-ھەولێر لەتۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بۆ دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان.