Skip to the content
Menu

لیژنەی شەهیدان به‌دواداچوون بۆ كێشەی قوتابیانی كەسوكاری شەهیدان لەزانكۆی سۆران دەكات

بەمەبەستی به‌دواداچوون و چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی قوتابیانی كەسوكاری شەهیدان لەزانكۆی سۆران و خستنەڕووی سەردانی لیژنەكه‌ بۆ پارێزگای دهۆك لەبارەی یاسای چاكسازی، ئەمڕۆ چوارشەمە 2020/9/23، لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی كوردستان، بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبۆوە.
لەكۆبوونەوەكەدا ئەو لیژنە لاوەكییەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی دهۆكی كردبوو راپۆرتی خۆی خستەڕوو بەتایبەت لەسەر بەدواداچوون بۆ لیژنەكانی یاسای چاكسازی و ئاگاداربوون لە كێشەو گرفتەكانی مۆنۆمێنتەكانی ئەو پارێزگایە.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر كێشەو گرفتی قوتابیانى كەسوكاری شەهیدان كرا، كە لەلایەن سەرۆكایەتیی زانكۆی سۆران رێگەیان پێنادرێت تاقیكردنەوەی زارەكی ئەنجامبدەن بۆ بڕوانامەی ماستەر، كەژمارەیان نزیكەی (35) قوتابی دەبێت، بەم هۆیەوەش لیژنەكە بڕیاریدا سەردانی زانكۆی سۆران بكات بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكە كەبەپێی رێنمایی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێم ماف بەو قوتابیانە دەدات تاقیكردنەوەكە ئەنجام بدەن.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا لیژنەكه‌ بڕیاریدا كۆبوونەوەیەكی تایبەت ئەنجامبدات سەبارەت بەپڕۆژە یاسای قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی تاوانەكانی جینۆساید.