Skip to the content
Menu

لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم پێشوازیی لەشاندێکی كونسوڵگەریی گشتیی بەریتانیا لەھەولێر کرد

ئەمڕۆ یەکشەمە 2020/9/27، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم له‌په‌رله‌مانى كوردستان، بەسەرپەرشتیی جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بریاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، پێشوازیی لەشاندێكی كونسوڵگەریی گشتیی بەریتانیا لەھەولێر كرد، كه‌پێكهاتبوو له‌ توم ھاید بەرپرسی پڕۆژەکان و سالار ئەمین لەبەشی سیاسی كونسولخانەکه‌.
لەدیدارێکدا کە لەھۆڵی لیژنە لەتەلاری پەرلەمان بەڕێوەچوو، باس لەدواین پێشھاتەکان و ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و چۆنیه‌تیی دروستكردنی ھەماھەنگیی زیاتر به‌مه‌به‌ستی ئاڵوگورکردنی زانیاری و ھەوڵه‌كان بۆ ئاساییکردنەوەی دوخی ئەو ناوچانە كرا.
ھەر لەدیدارەكه‌دا باس لەچۆنیەتیی بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شێوازی بازنەکانی ھەڵبژاردن کەئێستا جێگه‌ی مشتومڕی زۆرە لەلایەن ھێزو لایەنە سیاسییەکانی عێراق كرا، کە تائێستاش ڕێككەوتنى لەسەر نەکراوە، پەیوەست بەم بابەتەش لەڕووی بەرێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان لەو ناوچانە گفتۆگۆى له‌سه‌ر کرا.