Skip to the content
Menu

کۆبوونەوەیەکی هاوبەش له‌سه‌ر پرسی توندوتیژیی خێزانی و كوشتن و كوشتنی ئافرەت ئه‌نجامدرا

بەمەبەستی به‌دواداچوون بۆ ڕووداوەکانی ئەو ماوەیە كه‌ئاماژەکان نیشانى دەدەن توندوتیژیی خێزانی و کوشتن بەگشتی و کوشتنی ئافرەت بەتایبەتی، خەریکە ڕوو لەزیادبوون دەکه‌ن، بۆ گرنگیدان بەو پرسەو لەسەر پێشنیازی لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت، ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/4/26، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌رسێ لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت و لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیكردن لەمافی مرۆڤ و لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان، بەسەرپەرشتیی ده‌سته‌ی سەرۆکایه‌تیی هه‌رسێ لیژنەكه‌و ئاماده‌بوونی زۆرینەی ئەندامانی هه‌رسێ لیژنەو بەبەشداریی نوێنەری لیژنەکانی کاروباری یاسایی و لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ئه‌نجامدرا.
لەکۆبوونه‌وه‌كه‌دا، زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژیی خێزانی و کوشتن و کوشتنی ژنان بەپێی ئامارو داتاکانى ئەمساڵ خرانەڕوو و لەلایەن ئامادەبووانه‌وه‌ بەتێروتەسەلی شرۆڤەی ھۆکارو پاڵنەرەکانی زیادبوونی ڕێژەی تاوان و خۆکوشتن گفتوگۆی لەسەرکراو تیشك خرایەسەر ھەندێ ھۆکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەو کەلێنە یاسایی و کەموکورییانەی کە لەیاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستاندا ھەن، ھەروەھا باس لەخراپ بەکارھێنانی چەکی بێ مۆڵەت و کاریگەریی بەسەر زیادبوونی ئەم دیاردانە کرا، جگە لەمەش پرسی رۆلی نەرێنی و نابەریرسیارانەی میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەورەکردن و زەقکردنەوەی ڕادەبەدەری ئەو بابەتانە باسی لێوەکرا.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا بریادرا لیژنە هاوبەشەکانی کۆبوونەوەکە لەنزیکترین کاتدا، دەستبکەن بەوەرگرتنی دواداتاکان سەبارەت بەڕاست و دروستیی زانیارییەکانی رووداوەکانی ئەمدواییە، لەلایەکی تریشه‌وه‌ بەمەبەستی بەدواداچوون و چاودێری بۆ پرسی زیادبوونی توندوتیژیی خێزانی و کوشتنی ئافرەتان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەدەسه‌ڵاتەکانی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەری کۆببنەوە بۆئەوەی بەهەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان کەموکوڕییەکان دەستنیشان بکرێن و پێداچوونەوە بۆ یاسا پەیوەستەکان بکرێ و چارەسەری ئەو کێشەو کەلێنە یاساییانە بکرێن کە لەیاسا بەرکارەکاندا سەبارەت بەو پرسانە هەن، جا چ لەڕێگه‌ی هەمواری ئەو یاسایانە بێ یاخود دەرکردنی یاساو بریاری نوێ بێت لەپێناو دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمی ھاوبەش بۆ کارکردن و داڕشتنی ستراتیژیەتی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەردوو دیاردەی توندوتیژیی خێزانی و کوشتن لەھەرێمی کوردستاندا.