Skip to the content
Menu

لیژنەى پەروەردەو خوێندنی باڵا ئامادەکاری بۆ نووسینی ڕاپۆرتی ھەمواری یاسای زانکۆ تایبەتەکان ده‌كات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی گرنگی په‌یوه‌ست بەکاروباری لیژنەكه‌، ڕۆژی چوارشەممە 2021/4/14، لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بەسەرپەرشتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
کۆبوونەوەکە بەدەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی قوربانیانی پرۆسەی بەناو ئەنفال دەستیپێکرد، دواتر گفتوگۆکرا لەسەر ئامادەکاریکردن بۆ نووسینەوەی ڕاپۆرت لەسەر ھەمواری یاسای زانکۆ تایبەتەکان لەھەرێمی کوردستان و دوای خستەڕووی بۆچوون و سەرنجەکانی ئاماده‌بووانی کۆبوونەوەکە، بڕیاردرا لەئایندەیەکی نزیکدا سەردانی زانکۆ تایبەتەکان بکرێ بۆ دەوڵەمەندکردنی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی ھەمواره‌ یاساکە.
لەبەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا لێکەوتەکانی پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابیانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەو خوێندنی ئاوێتە لەزانکۆو پەیمانگه‌کان گفتوگۆی لەسەر کرا.
پاشان سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانەی ئاراستەی لیژنه‌كه‌ کرابوون، خوێندنەوەیان بۆ کراو ڕێکاری پەیڕەوییان لەسەر گیرایەبەرو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کران بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری پێویست.