Skip to the content

لیژنەی پێشمەرگە لەگەڵ جێگری سەرۆکی هەرێم و بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی هەرێم کۆبووەوە

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2021/4/6، لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، به‌سه‌رپه‌رشتیی ڕێڤینگ ھروری سەرۆکی لیژنەو ئاماده‌بوونی جێگری سەرۆکى لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە، له ‌سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم لەگەڵ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگری سەرۆکی هەرێمى كوردستان و کەریم سنجاری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی هەرێم کۆبووەوە.
له‌کۆبوونەوەکەدا كه‌به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکایەتیی هەرێم به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای رێزلێنانی پێشمەرگەو دیاریکردنی رۆژی پێشمەرگە كراو هەردوولا بەگرنگیان زانی کەکاری جدیى لەسەر بکرێت.
لەتەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا هەریەک لەئەندامان و راوێژکارانى لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان، باسیان له‌کۆمەڵێک پرسی گرنگی تایبەت بەهێزەکانی پێشمەرگە کرد، له‌وانه‌ بابەتی کێشەی کەمئەندامانی سەنگەر، بریندارانی شەڕی تیرۆریستانی داعش، نەهێشتنی بندیوارەکان، بوونی دادپەروەری لەدەوامی لیواکان لەمیحوەرەکان و شێوازی پڕچەککردنیان، نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی کەڕووبەڕووی جێبەجێکردنی یاساکانی تایبەت بەهێزەکانی پێشمەرگە، بوونی ئیرادەی سیاسی بۆ پڕۆژەی رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، کردنەوەی دەرگای خانەنشینی، پلان بۆ باشترکردنی دۆخ ژیان و گوزه‌رانی هێزەکانی پێشمەرگە، نەهێشتنی دەستتێوەردانی حزبی، جەختکردنەوە لەجێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، سه‌رجه‌م پرسه‌كان گفتوگۆیەکی تێروتەسەلیان لەسەر كراو بڕیاردڕا لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان سەرۆکایەتیی هەرێم و لیژنەی کاروباری پێشمەرگە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دروستبکرێت بۆ بەدواداچوون لەسەر کێشه‌و گرفتەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی پێویست و کردارەکی.
لەکۆتاییشدا هه‌ردوولا ئه‌مجۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌یان بەگرنگ و پێویست زانى و هیوایان خواست كه‌ بەردەوامییان هه‌بێت.