Skip to the content
Menu

لیژنەی شارەوانی ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر پێشنیازەیاسای پاراستنی تۆڕو بنچینەکانی ئاوو ئاوەڕۆ ئامادە دەکات

بەمەبەستی نووسینی ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر چەند پێشنیازەیاسایەک، پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشەممە 2021/4/14، لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار، بەسەرپەرشتیی لوقمان وەردی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ژمارەیەک لەئەندامانى و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر مادەو بڕگەکانی پێشنیازەیاسای پاراستنی تۆڕو بنچینەکانی ئاوو ئاوەڕۆ لەھەرێمی کوردستان، کە لەدانیشتنەکانی پێشووی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوەو ئەندامانی پەرلەمان کۆمەڵێک پێشنیازیان لەسەر بەشێک لەمادەو بڕگەکان خستبووه‌ڕوو، پێشنیازەکان لەناو ڕاپۆرتی کۆتاییدا جێگه‌یان بۆ کرایەوەو بڕیارە بەھاوبەشی لەگەڵ لیژنەی كاروبارى یاسایی ڕەشنووسی کۆتایی ڕاپۆرتەکە ئامادە بکرێت بۆئەوەی لەدانیشتنی داھاتووی پەرلەمان خوێندنەوەی سێیەمی بۆ بکرێت و بخرێتە دەنگدان.
لەبەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر پشنیازەیاسای گەشتوگوزار لەھەرێمی کوردستان و به‌و ئومێده‌ی كه‌ بۆ دانیشتنەکانی داھاتوو بخرێتە بەرنامەی کارو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا ڕاپۆرتی کۆتایی ھەمواری یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٩، یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی کە لەسنووری شارەوانییەکان زیادەڕۆییان کراوە تەسەر ئامادەکراو ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا بۆئەوەی لەدانیشتنەکانی داھاتووی پەرلەمان بخرێتە بەرنامەی کارو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.