Skip to the content
Menu

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا چەند پرسێکی گرنگ تاووتوێ دەکات

 بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی گرنگ، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٨/٣١، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەسەرپەرشتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر نزیکبوونەوەی کاتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە ھەردوو ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵا، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە ڕێکارەکانی خۆپاریزی لەڤایرۆسی کۆڕۆنا جێبەجێ بکرێت بۆ پاراستنی گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان. دواتر باس لە ناڕەزایی ژمارەیەک لە قوتابییانی پۆلە ناکۆتاییەکان و پۆلە کۆتاییەکان کرا کە پێشتر لەسەر دەرئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەریان بڕیبوو، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی لاوەکی پێکھێندرا بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە و بڕیارە سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکەن. لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشە و گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان کرا و بڕیاردرا لە ئایندەدا بانگھێشتی وەزیری دارایی و وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا بکرێت و چارەسەری گونجاو بدۆزرێتەوە. لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرجەم ئەو نووسراو و داواکارییانەی ئاڕاستەی لیژنەکە کرابوون خوێندرانەوە، دوای گفتوگۆکردن لەسەر ناوەڕۆکی نووسراوەکان کاری پێویستییان لەسەر کرا و ئەوانەی پێویستییان بە وەڵامدانەوە بوو وەڵام درانەوە و ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار کران بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنیان.