Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و كاروبای ئاینی پیرۆزبایی لە بەرپرسی تازەی لقی ھەولێری یەكێتیی زانایان دەكات

بەمەبەستی پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك بەرپرسی لقی ھەولێری یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٨/٢٥، شاندێكی لیژنەی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى لەپەرلەمانی كوردستان، كە پێكھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم، جێگری سەرۆكی لیژنە و وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لیژنە و فه‌یسەڵ عه‌باس، ئەندامی لیژنه‌كه‌، سەردانی لقی ھەولێری یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستانی كرد و له‌لایه‌ن مامۆستا موسا شێخ یه‌حیا باقلانی، بەرپرسی تازەی لق و ژمارەیه‌ك مامۆستای ئاینی پێشوازیى لێكرا.
شاندەكە وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك بەرپرسی لقی ھەولێرى یەكێتیی زانایانى ئاینیی ئیسلامیی كوردستان، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لە كارەكانی و دووپاتی پشتیوانیی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی-یان بۆ كردنه‌وه‌ لەپێناوخزمەتكردنی زیاترى زانایانی ئاینی.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا باس لە کارو هەنگاوەکانی یەکێتیی زانایان كرا لە بواری ئاینی و نیشتیمانی و خزمەتكردنی زانایانی ئاینی، ھەروەك جەخت لەسه‌ر هەماهەنگیی زیاتری نێوان دەزگا و دامەزراوە ئاینییەکان کرایەوە بە تایبەت لەو پرسانەی زەمینەی کارکردنیان هاوبەشە و لە ڕووی پیشەییەوە پێویستییان بە گەنگەشە و ڕاوێژە.
شایەنی باسە ستافی لقی ھەولێری یەكێتیی زانایان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بە سەردانەكە و ھیوایان خواست پەرە بە پەیوەندیی نێوانیان و لیژنەی ئەوقاف بدرێت بۆ زیاتر خزمەتكردن بە ڕەوشی ئاینی لە ھەرێمی كوردستاندا.