Skip to the content
Menu

لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری چەند پرسێکى گرنگ تاووتوێ دەکات

بەمەبەمەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکى گرنگی پەیوەست بە کاری لیژنەکە، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٨/٣١، لیژنەی کشتۆکاڵ و ئاودێری، بە سەرپەرشتیی عبدالستار مجید، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، کێشە و گرفتی جووتیاران تاووتوێ کرا و خرایە بەر باس، دواتر سەرجەم ئەو ڕاپۆرت و یاداشت و نووسراوانەی ئاراستەی لیژنەکە کرابوون خۆێندنەوەیان بۆ کرا و دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان لەباره‌یانه‌وه‌، ئەوانەى پێویستییان بە وەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵام درانه‌وه‌، ئەوانەى تریش ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
دواتر باس لە سەردانی لیژنەكه‌ بۆ پارێزگاى هه‌ولێر و ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کرا کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجام درابوو و بڕیاردرا ھەفتەی داھاتوو لیژنەکە سەردانی ھەردوو پارێزگای دھۆک و سلێمانی بکات و پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ لە ھەردوو پارێزگاکە به‌سه‌ر بكاته‌وه‌ بەمەبەستی بەدواداچوون و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ کێشە و گرفتی جووتیاران و كه‌رته‌كانی کشتوکاڵ و ئاودێری و چارەسەرکردنیان.