Skip to the content
Menu

شاندێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری سەردانی پارێزگای ھەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێری کرد

بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لیژنەکە، پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٨/١٧، شاندێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری، بە سەرۆکایەتیى عەبدولسەتار مەجید، سەرۆکی لیژنە و ئه‌ندامیه‌تیی جێگری سەرۆکی لیژنە و بڕیاردەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەکە، سەردانی پارێزگای ھەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێری کرد.
شاندی لیژنەکەی پەرلەمان سەرەتا سەردانی پارێزگای ھەولێری کرد و لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر پێشوازیی لێکرا و دواتر سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێری کرد و لەلایەن عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنەکەوە پێشوازیی لێکرا.
لە ھەردوو دیدارەکەدا باس لەو بابەتانە کرا کە پەیوەستن بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری و بابه‌تی بەرھەمی جووتیاران، ئەوەی لیژنە مەبەستی بوو لەگەڵ پارێزگار و سه‌رۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر گفتوگۆی لەسەر بکرێت، ئەوە بوو کە کارئاسانی بکرێت بۆ جووتیاران و کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکان کە لە بواری کشتوکاڵ دا کار دەکەن.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکان، قسەکردن بوو لەسەر کەمکردنەوە و نەھێشتنی قۆرخکردنی ھەندێک کاڵای کشتوکاڵی، بۆئەوەی زیان بە جووتیاران نەگات.
ھەر له‌ دیداره‌كاندا گفتوگۆ کرا له‌سه‌ر پرسی وشکەساڵی و کەمیی ئاو، بەتایبەتی لە پارێزگای ھەولێر و لەوبارەیەوە لیژنە داوای کرد ھەوڵەکان زیاتر بخرێنە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، لەوانەش ھەوڵ بدرێت چەند بەنداوێک دروست بکرێت.
لە کۆتایی ھەردوو دیدارەکەشدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، دڵنیاییان بە شاندی لیژنەکەی پەرلەمان دا کە ئەوان وەکو پارێزگار و سه‌رۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، ھەموو ھەوڵێکی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەردوو کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری.