Skip to the content
Menu

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی دۆخی پەنابەرانی ھەرێم لە وڵاتی لیتوانیا تاووتوێ دەکات

بەمەبه‌ستی تاووتوێکردنی دۆخی پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی لیتوانیا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٨/١٧، لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بە سەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبووەوه‌.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو له‌ تاووتوێكردنی دۆخی پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی لیتوانیا، سەرەتاش سەرۆکی لیژنە باسی ڕەھەندە سیاسی و یاساییه‌كانى ئەو کەیسەى کرد و ئاماژەى بەوەدا کە دوای بەدواداچوونیان بۆ ئەو پرسە ئاشکرا بووە کە بار و گوزەرانی ھاووڵاتییانى ھەرێمی کوردستان لە ڕووی پێداویستییەکانی ژیان لەو وڵاتەدا لەوپەڕی خراپی دایە، تەنانەت ھەڵویستی یاساییشیان لاوازە.
دواتر ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانى لیژنه‌كه‌، دید و تێڕاونینی خۆیان لەسەر ئەو پرسە خسته‌ڕ وو و دوای شیكردنه‌وه‌ى بابه‌ته‌كه‌ به‌ چڕوپڕی، لیژنه‌ بڕیاریدا نووسراوێک ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات بۆئەوەی شاندێکی لیژنەكه‌ سەردانی وڵاتی لیتوانیا بکات و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی پەنابەران بێت و ڕاپۆرتێک لەوبارەیەوە ئامادە بکات و تێیدا چارەسەرییەکانیش بخاتە ڕوو و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە بکەونە گفتوگۆ، هه‌روه‌ها درێژە بەو پەیوەندییانە بدرێت کە سەرۆکی لیژنەكه‌ لە ماوەی ڕابردوودا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامی دابوو.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌، لیژنە بە پێویستى زانی بۆ گفتۆگوکردن لەسەر کۆچی نایاسایی و نووسینگەکانی قاچاخچییەکان لە ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزیری ناوخۆى حكومه‌تی هه‌رێم کۆببێتەوە.