Skip to the content
Menu

په‌یامی لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی له‌ ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كاندا

ئەمڕۆ حەوت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یەكێكی دیكە لەو تاوانە بێوێنە پڕ تراژیدییانەی كە دوژمنان بەرامبەر بە گەلەكەمانیان ئەنجامدا، ئەویش جینۆسایدكردنی ئێزدییەكانە.
بەداخەوە لە ڕۆژی ٢٠١٤/٨/٣، ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، بە بەرچاوی جیهانەوە و لەژێر سایەی بانگەشەی دیمۆكراسی و مافەكانی مرۆڤدا، پەلاماری خەڵكی سڤیلی ئێزدیی لە شنگال و هەموو شار و شارۆچكە و گوندە ئێزدی نشینەكانی باكوور و باشووری شاخی شنگالدا، بە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتی و ئاینی و هزریی مرۆڤدۆستانە تاوانێكی بێوێنەیان ئەنجامدا، كە بێگومان بەپێی سەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ، دەچنە چوارچێوەی تاوانەكانی جینۆسایدەوە، هەروەك بەشێك لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی جیهان و لەم دواییەشدا هەردوو وڵاتی بەلجیكا و هۆڵەندا، بەفەرمی دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە.
ڕِێكخراوی تیرۆریستیی داعش مەبەستی بوو كە كۆتایی بە ئاین و كلتوور و زمانی ئەم پێكهاتە ڕەسەنەی كوردستان و عێراق بێنێت و بەشێكی گرنگی كوردستان دووچاری گۆڕانكاریی دیمۆگرافی بكاتەوە، بەڵام ئەو خەونەی داعش لە گۆڕ نرا و ئێستا ئێزدییەكان بە هاوكاریی دۆستانی كوردستان و زۆربەی وڵاتە خاوەن پێگەكانی جیهان، لە شنگالدا ماون و ئاین و كلتوور و زمانی خۆیان پاراستووە.
لەم یادە خەمناكەدا بە دەرفەتی دەزانین كە داوا بكەین كار بكرێت بۆئەوەی هەرچی زووە كۆتایی بە گرفتی ئاوارە ئێزدییەكان بێت و خەڵكەكە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە، هەوڵی بەردەوام بدرێت بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی بێسەروشوێن و دیلەكانی دەست داعش ئازاد بكرێن، هەروەها تاوانباران بە ڕێگەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە سزا بگەیەندرێن و گەرەنتیی ئەوە بكرێت كە جارێكی دیكە ئێزدییەكان و هیچ پێكهاتەیەكی دیكە بەرەو ڕووی تاوانی لەو چەشنە نەبنەوە، پێویستیشە قەرەبووی خەڵكەكە بكرێتەوە و ناوچەكانیان ئاوەدان بكرێنەوە و بەهاریكاری و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی كۆتایی بە گرفتی مرۆڤایەتیی جڤاكی ئێزدی بهێنرێت.
لە كۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانییانی ئەو جینۆسایدە و گشت قوربانییەكانی دیكەی كوردستان دادەنەوێنین.
نەفرەت لە تیرۆریستان و عەقڵیەتی تاریكپەرستی.
لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی
٢٠٢١/٨/٣